ساڵی رابردوو 139هەزار و 966 پەیوەندی وەڵام دراونەتەوە

هۆبەی فریاکەوتنی خێرای 122 لەڕێگای وەڵامدانەوەی پەیوەندییەکان بە24 کاتژمێری لەئەرکدان و بەدەم هاوڵاتییانەوە دەچن .

 

پێنجشەممە ، 2ـی کانوونی دووەمی 2025، هیوا ئەحمەد، بەرپرسی هۆبەی فریاکەوتنی خێرا 122، تایبەت بەماڵپەڕی کوردستان 24ـی ڕاگەیاند”لە ساڵی 2024دا،  139 هەزار و 966 پەیوەندیمان وەڵام داوەتەوە،  سەرجەم پەیوەندییەکان لەلایەن کارمەندەکانی بەشی پەیوەندییەکان وەڵام دراونەتەوە، بۆ هەموو ڕووداوێکی خێرا دوو کەس لەتیمەکانی ئێمە دەم و دەست دەگەنە شوینی ڕووداوەکە و دەبنە فریادڕەسییان.” هیوا ئەحمەد، دەلێت: “سنووری کارەکانی ئێمە لە سەرتاسەری پاریزگای هەولێرە، بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە، هەشت بنکەی سەرەکییمان هەیە، بەڵام لە چەند مانگی داهاتوودا بۆ 11 بنکە زیادیان دەکەین.” هۆبەی فریاکەوتنی خێرایی 122، لە 213 کارمەند پێک هاتووە ، ڕۆژانە نۆ تیم بە 24 کاتژمێری ئێشکگرن.