پارێزگاری هەولێر … لە بەسەرکردنەوەی پرۆژەی بازاری سپی: تەنها ئەوانە سوودمەندبوونە، کە لە بازاری پێشتر زیان مەندبوون

 

ئەمرۆ چوارشەممە رێکەوتی 1.1.2025 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری مەسعود کارەش جێگری پارێزگار، پرۆژەی بازاری سپی بەسەرکردەوە …
پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی، دووپاتی لەسەر گرنگی و بایەخی ئەو پرۆژەیە کردەوە، کە لە دوای چەند جار دووبارەبوونەوەی رووداوی نەخوازراوی سوتان لەبازاری پێشوتری گەرەکی کوردستان، بەسوپاسەوە رێزدار سەرۆکی حکومەت رایسپاردین کە جێگەیەکی شایستە بۆ کاسبکارانی بازاری سیم دیاری بکرێ، ئێستاش بەخۆشحاڵیەوە بازاری سپی بە شێوازێکی مۆدێرن گەیشتۆتە قۆناغەکانی کۆتایی و لەم نزیکانە بە فەرمی ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکرێتەوە ئەوانەی لە سوتانی بازاری پێشوو زەرەرمەند بوون..
پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە، کە ئەم بازارە هاوچەرخە هەموو بابەتەکانی سیکورتی و ئاوو ئاوەرۆ و ئاگرکوژێنەوەو مزگەوت و گەراج و شەقام و سەوزایی و بابەتی دیکەی خزمەتگوزاری گشتی تێدا فەراهەم کراوە.

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند کەوا گوژمەی ئەم بازارە نزیکەی چواردە ملیارو پێنجسەد ملیۆن دینارەو ٧٠٨ دوکان و کافیتریا لەخۆی دەگرێ و هیواشی خواست کە لەشاری هەولێر چەندین بازاری هاوشێوەی هاوچەرخ بۆ کاسبکارو پیشەوەران دروست بکرێ تاوەکو هەولێر سیمایەکی جوانتربپۆشێ…