چوارشەممە، 01-01-2025، سوپای عێراق لە گوندی حەفتەغار، لە سنووری قەزای داقووقی کەرکووک، چوار جووتیاری کوردی لە کاتی ئاودانی کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان، دەستگیر کرد.
مەلا حەسەن دووزی، چالاکوان و خەڵکی سنوورەکە بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: “لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی زایینی کە بە هیوابووین کۆتایی بە کێشە و داگیرکارییەکانی سنوورەکەمان بهێنرێت، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-01-2025، وەکوو دیارییەکی ساڵی نوێ، چوار جووتیارمان بە ناوەکانی (محەممەد عەزیز ئەحمەد، فەرحان مەحموود، عەبدوڵلا فەرحان مەحموود و ئەیاد جاسم محەممەد) ڕاپێجی زیندان کران.”
لەبارەی هۆی دەستگیرکردنی ئەو جووتیارە کوردانە، مەلا حەسەن گوتی: “بەبێ هیچ بیانوویەک دەستگیر کراون، لەسەر زەوی و ئاوی خۆیان بوونە و هیچ تاوانێکیان نەکردووە.” باسی لەوەش کرد “ئامانجی سوپا لە دەستگیرکردنی جووتیارەکانمان، ترساندن و فشار خستنەسەر جووتیارانی کوردە تاوەکوو گوند، زەویی و خاکی خۆیان بەجێ بهێڵن.”
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، دادگای داقوق سێ جووتیاری دیکەی کوردی لەسەر سکاڵای عەرەبە هاوردەکان، بە دووساڵ بەندکردن سزا دا.
لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، عەرەبە هاوردەکان بە پاڵپشتیی سوپای عێراق، بەردەوام کێشە بۆ جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک دروست دەکەن و ڕێگری لە کاری کشتوکاڵییان دەکەن.