بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو هاووڵاتییانەی کارتی نیشتیمانییان نییە، بەشە خۆراکی مانگانەیان ڕادەگیرێت.
هەینی، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “هەر هاووڵاتییەک کارتی نیشتیمانی نەبێت، بەشە خۆراکی مانگانەی ڕادەگیرێت، بەڵام دوای دەرهێنانی کارتی نیشتیمانی، بەشەخۆراکەکەی پێدەدرێت.”
نەوزاد شێخ کامیل، هۆیەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، چونکە بڕیار دراوە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پسولەی خۆراکی مانگانە بە دیجیتاڵی بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو ئەپڵیکەیشنەی کارا دەکرێت، تەنیا کارتی نیشتیمانی دەخوێنتەوە.
بەڕێوەبەرەکەی گشتیی بازرگانی هەرێم، باسی لەوەش کرد “ماوەیەکە بڕیاری ڕاگرتنی بەشە خۆراکی ئەو هاووڵاتییانەی مووچەکەیان لە دوو ملیۆن دیناری عێراقی زیاترە، دەرچووە، بەڵام وەک پێویست کاری پێنەکراوە، بۆیە ئەمەش لە ئایندەیەکی نزیکدا جێ بەجێ دەکرێت”
پرۆسەی بە دیجیتاڵیکردنی پسولەی خۆراکی مانگانە، ساڵێک زیاترە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی عێراق بڕیاری لەسەر دراوە، سەرەتا بڕیاربوو لە هەرێمی کوردستان تەنیا پارێزگای هەولێر بگرێتەوە، بەڵام ئێستا سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم دەگرێتەوە