مەسرور بارزانی پەیامێكی سەرەخۆشیی ئاڕاستەی گەلی ئەمریکا كرد

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی سەرەخۆشی ئاراستەی گەل و حكوومەتی ئەمەریكا كرد بەهۆی رووداوەكەی ئەمڕۆی پێكدادانی فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگر و هێلیكۆتپەرێك كە بەهۆیەوە زیاتر لە 67 كەس گیانیان لەدەست دا.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامە سەرەخۆشییەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاو كردەوە و رایگەیاند “پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی حكوومەت و گەلی ئەمەریكا دەكەم بەهۆی رووداوی دڵتەزێنی پێكداكانی فڕۆكەیەك و هێلیكۆپتەرێك لە نزیك واشنتنی پایتەخت”.

راشیگەیاند “بیرم لای قوربانیان و خێزانەكانیانە، هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازم”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگر و هێلیكۆپتەرێكی سەربازی لە نزیك فڕۆكەخانەی رۆناڵد ریگن لە واشنتن پێكیان دادا.

فڕۆكە نەفەرهەڵگرەكە 60 گەشتیار و چوار ئەندامی تیمی فڕۆكەوانی تێدابوو، لەنێو هێلیكۆپتەرە سەربازییەكەش سێ سەربازی سوپای ئەمەریكا هەبوون، بەگوێرەی راگەیەنراوی كۆشكی سپی هیچ كام لە سەرنشینانی دوو فڕۆكەكە رزگاریان نەبووە.