پێنجشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولی حەوتەمی پیادەی فەرماندەیی پێشمەرگە لە سەربازگەی کانی قرژاڵە بەڕێوە چوو.
سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، لە وتاری ڕێوڕەسمەکەدا گوتی: جێگەی شانازییە کە ئەمڕۆ 300 سەربازی ئازا و دڵسۆز، بە سەرکەوتوویی ئەم خولەیان تەواو کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد “خولی حەوتی پیادە لە 28 ئەیلوولی 2024، دەستی پێ کرد، پرۆگرامەکە بە وردی دیزاینی بۆ کرابوو بۆ گەیشتن بە بەرزترین پلەی ستانداردی سەربازیی نێودەوڵەتی.”
گوتیشی: لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەو سەربازانە مەشقی چڕ و پڕیان لە بواری دیسپلین و سەربازیی هەرەوەزی و شارەزایی سەرەکیی پیادە بۆ مەیدانی جەنگی مۆدێرن کرد، بۆیە ئەمڕۆ بەتەواوی ئامادەن بۆ خزمەتکردن و پاراستنی کوردستان.”
سیهاد بارزانی، ئاماژەی بەوەش کرد “فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لەبەرەو پێشبردنی ئاستی زانست و زانیاریی سەربازی، وەک یەکەیەکی پیشەیی بە مەشق و ڕاهێنانی پراکتیکی لە ژێر ڕێنمایی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، دژی تیرۆریستانی داعش و هاوشێوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.”
فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک ڕاشیگەیاند “داوا لە هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەم، هاوکاریی سەربازیی و لۆجیستی هێزەکانی پشتیوانیی یەک بکەن، چونکە دوژمنەکانمان لە ناوچەکە هاوبەشن.”