بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانمان بەردەوامە.
پێنجشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2025، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە خێرایی بەڕێوە دەچێت، تا مانگی سێی ئەمساڵ هێزەکانی 70 و 80 دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و تاکوو ئێستاش شەش فرقە ڕێکخراونەتەوە.”
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: بە گوێرەی نەخشەی هاوپەیمانان تا ساڵی 2026 پێویستە هێزی پێشمەرگە یەک بخرێنەوە، پێشبینی دەکەین لەو وادەیە زووتر پرۆسەکە تەواو بێت.
گوتیشی: تاکوو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە کە هێزی زێرەڤانی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە کاری ئەوان جیاوازە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.”
عەبدولخالق بابیری ڕاشیگەیاند “هاوکاری هاوپەیمانان بەردەوامە و تا ئێستە هیچ بڕیارێکمان دەربارەی ڕاگرتنی هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەدەست نەگەیشتووە.”