ریفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کرد.

لە میانی ئەو کۆبوونەوەیەدا،راوێژكارێكی باڵای هێزەكانی هاوپەیمانان دڵنیایی دەدات کە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هیزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت.
لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە دوایین پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکان کرا، بە تایبەت مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و شانە نوستووەکانی داعش لە عێراق و ناوچەکەدا.
لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆ کرا کە چاکسازی و پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و هەموو هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی فیرقەکاندا جێگیر دەبن، بەمەش قۆناغێکی نوێی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی دێتە ئاراوە.
جەنەڕال هام دڵخۆشی خۆی دەڕبری لە بەرامبەر بەرەوپێشچوونی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دڵنیایی دا کە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هیزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت.
هەروەها رایگەیاند: ریفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، دڵنیاین ئیرادەی ئێوە بۆ چاکسازی ڕاستەقینەیە و دەتانەوێت پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی نیشتمانی لە ناوچەکەدا، ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان دەبین و پاڵپشتان دەبین.