ڕائیب جادر – هەولێر
٣١ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٧ ھاوکاتە لەگەڵ ٣٨ـەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، کە ھاوڕێ و ھاوسەنگەرەکانی بە ئەندازیاری ھەوڵەکانی یەکڕیزیی گەلی کوردستان دادەنێن، بەو پێیەی کاری بۆ یەک ماڵیی کورد و قبووڵنەکردنی ملکەچی کردووە، ھاوشێوەی ئێستا کە یەکڕیزی بە بنەمای گەیشتن بە ئامانجەکان دادەنرێت.
ژیاننامە
ئیدریس بارزانی لە مانگی ئازاری ١٩٤٤ لە ناوچەی بارزان و لە ئامێزی خێزانێکدا لە دایکبووە، کە وەک سەرچاوە مێژووییەکانی کوردستان ئاماژەیان پێکردووە، ھەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ببووە ماڵی گەورەی کوردایەتی و سیمبولی نەتەوەیی و ڕووگەی تێکۆشەرانی کوردستان.
ئیدریس بارزانی، تەمەنی دوو ساڵ بوو، کە باوکی بارزانیی نەمر، ڕووی کردە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە کۆماری کوردستان لە مهاباد.
دوای پیلانگێڕی دژی کۆمار و ڕووخانی، بارزانیی نەمر و ٥٠٣ پێشمەرگەی کوردستان ڕوویان کردە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، خێزان و ژن و منداڵەکانیش بە یاوەریی شێخ ئەحمەدی بارزانی براگەورەی بارزانیی نەمر لە پێناو پاراستنی گیانی منداڵ و ئافرەتانی کورد گەڕانەوە بۆ عێراق و ئیدریس بارزانیش کە ئەو کات تەمەنی ٣ ساڵ بوو، لەگەڵ خێزانەکەیان گەڕانەوە و لە لایەن دەسەڵاتی پادشایی عێراقەوە بۆ شارەکانی باشوور ڕاگوێزران.
ئیدریس بارزانی تاوەکو گەڕانەوەی بارزانیی نەمر بۆ عێراق و کوردستان لە ساڵی ١٩٥٨ لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات پاشان دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
ژیانی پێشمەرگایەتی
ئەو ھاوڕێ و پێشمەرگانەی لە ئیدریس بارزانییەوە نزیکبوون، ھەمیشە باس لە خەسڵەتی جەماوەریبوونی ئەو دەکەن و دەڵێن، ئیدریس بارزانی قەت خۆی لە پێشمەرگەکان جیانەدەکردەوە و بەسادەیی ژیاوە و زۆرجار لەگەڵ پێشمەرگە لە ئەشکەوت و بنبەردەکانی چیاکانی کوردستان ڕۆژی کردووەتەوە.
لە ساڵی ١٩٦١ کە شۆڕشی ئەیلوول بەرپا دەبێت، ئیدریس بارزانی ڕۆڵێکی زۆری دەبێت بەتایبەت لە شەڕی ھەندرێن، کە دواتر گفتوگۆکانی نێوان شۆڕشی کوردستان و حکوومەتی عێراقی بەدواداھات و گەیشتە ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، لە دوای ساڵی ١٩٧٥ لە ھەڵگیرساندنەوەی شۆڕش و پێکھێنانی بەرەی نیشتمانیی عێراق و دواتر ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و ئاشتبوونەوەی پارتی لەگەڵ یەکێتی ڕۆڵی باڵای ھەبوو.
لە ساڵی ١٩٦٤ ئەوکاتەی بارزانیی نەمر لە ناوچەی ڕانیە و دەوروبەری دەبێت، بۆ ھاوکاریکردنی لە ئیشوکاری پێشمەرگە و ئیدارەی سەربازیدا، ئیدریس بارزانی لە ناوچەی بارزانەوە دەباتە لای خۆی و بەرپرسیارێتی ئیداری و پێشمەرگایەتی پێدەسپێرێت. سەبری ئەحمەد، پێشمەرگەی ھەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، ئاشکرای کرد: ئیدریس بارزانی، لە شۆڕشی ئەیلوول لە بواری سەربازی و سیاسی ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری ھەبوو، کەسێکی زۆر شارەزا بوو لە زۆربەی بوارەکاندا، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەبێتە یەکێک لە فەرماندە زیرەک و شۆڕشگێرەکانی کوردستان ھزری ئاشتی و یەکسانی و ئازادیخوازی و دیموکراسی بوو، لە بواری دیپلۆماسی زۆر سەرکەوتوو بوو، لە بواری کۆمەڵایەتی جێگەی خۆی لەناو دڵی ھەموو تاکێکی کورد کردبوویەوە، کەسێکی سادە بوو، لەگەڵ پێشمەرگەکان لە سەنگەرەکان وەستاوە، خەمخۆری پێشمەرگە بوو، خاوەن ئیرادەیەکی بەھێز بوو، لێبوردە بوو، کەسێک بوو باوەڕی بە خۆیی و میللەتەکەی ھەبوو، ھیچ کاتێک ھەستی بە ماندووبوون نەدەکرد، دۆست و دوژمنانی کورد زۆر پێی سەرسام بوون، لە زۆربەی داستانەکان بەشداری کردووە و سەرکەوتنی بە دەستھێناوە، سەرکردایەتی ھەر دوو داستانی ھەندرێن و زۆزکی کردووە.
ڕەسول حوسێن، پێشمەرگەیەکی دیکەی شۆڕشی گوڵانە، گوتی: ھیچ کات خۆی لە پێشمەرگە جیا نەکردووەتەوە، ھەمیشە بەسەر پێشمەرگەکاندا ڕادەگەیشت و نەیدەھێشت کەموکوڕی ھەبێت، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە تەکنیکی سەربازی باشی دادەڕشت، ھەر پێشمەرگەیەک بۆ داوایەک دەچووە لای دڵی نەدەشکاند و بە دەستبەتاڵی نەدەگەڕایەوە، بۆیە ھەمیشە تەئکیدی لەوە دەکردەوە کە نابێت مافی پێشمەرگە بخورێت، بۆیە ئیدریس بارزانی، مرۆڤێک بوو لەناو جەماوەر خۆشەویست و سادە و بە قەناعەت بوو، بە سادەیی ژیاوە، خاوەن قسە و بەڵێنەکانی خۆی بووە، لەگەڵ ھەر کەسێکدا بە زمانی خۆی و ئاستی تێگەیشتنی بەرانبەری قسە و ھەڵسوکەوتی کردووە، بۆیە ئیرادە و ئومێدی ڕۆژانی سەخت بوو.
ئەندازیاری ئاشتی
شەوکەت سلێمان، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، دەڵێ: ئیدریسی ھەمیشە زیندوو، خۆی لە ئاوارەکان کردە خاوەن و توانی چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ئەوان بکات، لەگەڵ ئەوەی توانی پەیوەندی لە نێوان پارتی و ھێزەکانی دیکە دروست بکات، لەسەر دەستی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە نێوان پارتی و یەکێتی ھاتە کایەوە و لە ئەنجامدا بەرەی کوردستانی دامەزرا، ڕۆڵ و کاریگەریی ئیدریس بارزانی لە دروستکردنی بەرەی کوردستانی، شۆڕشی کوردی بردە قۆناغێکی مێژوویی و چارەنووسسازەوە، ئەگەرچی چەند مانگێک دوای کۆچی دوایی جێبەجێ کرا، بەڵام ئەوە بەرھەمی بیری کوردانەی ئەو بوو، ھەروەھا یەکێک لەو سەرکردانە بوو کە توانی پەیوەندی لەگەڵ ئێران دروست بکات و بەرەو پێشەوە ببات، بۆیە ئەگەر بە زیرەکی و لێھاتووی ئیدریسی جوانەمەرگ و سەرۆک بارزانی نەبوایە، حەرەکی کوردی و شۆڕشی گەلی کوردستان نەدەگەیشتە ئەو قۆناغە و لە ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕین نەدەکرا و کوردستان ئازاد نەدەبوو، ئەو دەستکەوتانەی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا خەباتیان بۆ دەکرا بە دەست ھاتوونە.
لەشکری مەحموود، پێشمەرگەی ھەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، ڕاگەیاند، کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو یەکێک لە سەرکردەکانی گەلی کوردستان بوو لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە سەرۆکایەتی بارزانیی نەمر، ڕۆڵێکی گەورەی بینی ھەروەکو سەرکردەیەکی سەربازی لە مەیدان و قۆناغەکانی دواتر، بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و لەگەڵ بەڕێوەبردنی کاروباری ئیداری و بارەگای بارزانی، سەرکردەیەکی لێھاتوو و شارەزا بوو لە بواری سەربازی، ئیداریی و دیپلۆماسیدا، ھەردەم خۆی وەکو پێشمەرگەیەک دەبینی، نەک وەکو سەرکردەیەک، بۆیە ھەر کەسێک سەردانی بارەگای بارزانی کردبایە، سەردانی ئیدریس بارزانی دەکرد، چونکە دەیزانی ئەو دەتوانێت کێشەکان چارە بکات و بڕوا بۆ دروست بکات کە جارێکی دیکە بە ورەیەکی بەرزەوە بگەڕێتەوە سەر کاری خۆی.
ئیدریس بارزانی و سەرۆک بارزانی
ئیدریس بارزانی پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ھەبوو و ئەو پەیوەندییەش لای ھەموو کەسێک ھەستی پێدەکرا. لە کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد) کە لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە نووسراوە، سەرۆک بارزانی بەمجۆرە باسی ڕۆڵی ئیدریس بارزانی لە شۆڕشی گوڵان دەکات. “کاک ئیدریس بارزانی بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد ھەبوو، ھەروەھا بایەخ و گرنگی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ھەروەھا باسی ئەوە کراوە کە ئیدریس بارزانی، بە نھێنی سەرپەرشتیی ناردنەوەی کادیرە سیاسی و سەربازییەکانی دەکرد بۆ سووریا بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستانی عێراق، ژمارەیەکی زۆر کادیر و پێشمەرگەی ناردەوە کوردستان.
سەرۆک بارزانی، لە کتێبەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کاک ئیدریس لەپێناو دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداریی دوای نسکۆی ١٩٧٥، بەگیانی پێشکەوتن و داھێنان و بە ڕەوشتێکی بەرزەوە کاری دەکرد، ئەم نسکۆیە ھەستی کاک ئیدریسی بە بەرپرسیاریەتیی دوو ئەوەندە زیادکرد و، وەکو کەسێکی بەرپرسیار لەبەرانبەر ڕووداوەکاندا کاری دەکرد، لە ھەر شوێنێک بوایە، کورد لە دەوری کۆدەبوونەوە و شوێنی گازندە و ھیوا و ئومێدی خۆیان لە کاک ئیدریسدا دەبینییەوە.
کۆچی دوایی
کاتژمێر ٦ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ٣١/١/١٩٨٧ لە گوندی سلیڤانای سەر بە شاری ورمێی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ماڵئاوایی دەکات و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشت باوکی دەنێژرێت، دوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ سەرکردایەتی پارتی بڕیاری گواستنەوەی تەرمی بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانی دا. لە ڕۆژانی ٦ تاوەکو ٨/١٠/١٩٩٣ لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا تەرمی ھەردووکیان، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی کوردستان، گەیێندرانەوە گوندی بارزان و لەوێ بە خاکسپێردران، بە لەدەستدانیشی جووڵانەوەی سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان کەسایەتییەکی کاریگەر و سەرکردەیەکی دیار و بە ئەزموون و یەکێک لە سەرخەرانی پڕۆژەی ئاشتەوایی و بە یەکەوەژیان و یەکخستنی تواناکانی لەدەستدا.