ئەمشەو سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کورد و شیعە و سوننە لە ماڵی سوودانی کۆ دەبنەوە

ئەمشەو سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کورد و شیعە و سوننە لە ماڵی سوودانی لەبارەی هەمواری یاسای بودجە کۆ دەبنەوە.
چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمشەو لە ماڵی محەممەد شیاع سوودانی، بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان، جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرجەم فراکسیۆنەکانی کورد، شیعە و سووننە، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەبارەی پرسی هەمواری یاسای بودجە دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێنجشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەمواری یاسای بودجە، لە لێداوانێکدا ئاماژەی بەوە دا “حەپەساین بەوەی پێشنیازێک لەلایەن نوێنەری حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی یاسای بودجە، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ پەرلەمان نێردراوە.”
گوتیشی: ئەم پێشنیازە لە هەمان کاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.