لە هەولێر 17 هەزار و 500 دۆلار دەدۆزرێتەوە و دەدرێتەوە خاوەنەکەی

پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: هاووڵاتییەک بڕی 17 هەزار و 500 دۆلاری دۆزیوەتەوە و دەستبەجێ پەیوەندی بە هێلی گەرمی (066137)ــی پۆلیسەوە کردووە و لە دۆزینەوەی پارەکە ئاگەداری کردوونەتەوە.

چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە بەغداوە دێتە هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل،  بڕی 17 هەزار و 500 دۆلاریشی لەگەڵ خۆی هێناوە، بەڵام پارەکەی ون کردووە.

پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: پاش ئەوەی پارەی ئەو هاووڵاتییەی بەغدا لەلایەن کەسێکەوە دەدۆزرێتەوە و پەیوەندی بە هێلی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، ژمارە (066137) دەکات و پارەکە ڕادەستی پۆلیس دەکاتەوە، پۆلیسی هەولێریش  پارەکە بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێنێتەوە.

پۆلیسی هەولێر دەستخۆشی لە هاووڵاتیان کردووە کە هاوکاریانن لە کاتی دۆزینەوەی کاڵا و کەلوپەل و پارە و نووسراو و بەڵگەنامەکان، لەڕێگەی پەیوەندیکردن بەو هێلە گەرمەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە ژمارە 066137 .