کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ دواخرا.
وا بڕیاربوو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-01-2025، هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ جاری پێنجەم لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە؛ بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
بە گوێرەی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە بەهۆی هەندێ پابەندیی حکوومی و حزبیی هەردوو لایەوە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
چاوەڕێ دەکرا، لە کۆبوونەوەکەی ئەمجارەی پارتی و یەکێتی، بەرنامەی کاری هاوبەشی هەردوو حزب بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت ئامادە بکرێت.
تاوەکوو ئێستە پارتی و یەکێتی چوار جار بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت کۆبوونەوەتەوە، دوایین کۆبوونەوەش ڕۆژی سێشەممە، 21-01-2025، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر کرا.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 20-10-2024 کرا، پارتی 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەست هێنا.