نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت: دامەزراندنی ٢٥٠٠ پۆلیس لە خەڵکی قەزاکە یەکێکە لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی شنگال و حکوومەتی عێراق جێبەجێی ناکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە، ئەو قەزایە لەڕووی ئەمنی و خزمەتگوزاریەوە لە دۆخێکی خراپدایە. قایمقامی ئەو قەزایەش دەڵێت، حکوومەتی عێراق نایەوێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانیش بوونی ھێزە چەکدارەکانە. دەشڵێ: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، دەبێتە ھۆی ئەوەی جارێکی دیکە خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکە ببرێت، دۆخی کارگێڕی و ئەمنیی شارەکەش ئاسایی بکرێتەوە و ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە.

چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە کۆمەڵکوژی دانیشتووانی شارۆچکەکە ٦٤١٧ ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە شنگالی لە دەست داعش ڕزگار کرد.

ئاوارەکانی شنگال گلەیی لە حکوومەتی عێراق دەکەن و دەڵێن، بەغدا لەبەرانبەر ئاوارەکان و ئەو کارەساتەی بەسەر شنگالدا ھاتووە کەمتەرخەم بووە، ئەمە لە کاتێکدایە ئاوارەکانی شنگال ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لە کەمپەکاندا دەژین و ئیدارەی قەزای شنگالیش حکوومەتی بەغدا بە کەمتەرخەم لە ئاست قەیرانی ئاوارەکان بە گشتی و ئاوارەکانی شنگال بەتایبەتی تۆمەتبار دەکات.
لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن یەکێک لە خاڵەکان ئەوە بوو لەڕووی کارگێڕییەوە قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاری بکرێت کە سەربەخۆ و پیشەیی بێت پاش دیاریکردنی قایمقام لە ڕووی ئەمنییەوە چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا بخشێنرێتەوە، ھەروەھا پێویستە تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ بگرن و ھەموو ڕێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور بخرێنەوە.

لە ڕێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و پێنج سەد کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ لایەنی ئاسایشی شارۆچکەکە بەھێز دەکرێت، کۆتاییھێنان بە بوونی پەکەکە لە شنگال لەڕووی ئاوەدانکردنەوە لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە.
ژمارەی ئاوارەکانی شنگال لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی سێ سەد و سی ھەزار کەس دەبێت، لەو ژمارەیە نزیکەی چل ھەزاریان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.

شنگال بە درێژایی سەد کیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ سووریا، بەھۆی نەبوونی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ڕۆژانە بە دەیان کەسی خراپەکار و گرووپی چەکدار بەو سنوورەدا ھاتووچۆ دەکەن، ئەوەش وای کردووە کە بارودۆخی ئەم شارە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر ببێت و ئەو خەڵکەی گەڕاوەتەوە لە ترسان جارێکی دیکە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان ببنەوە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە ڕێککەوتنی شنگال چەند خاڵێک ھەبوون، یەکێک لە خاڵەکان دامەزراندنی ٢٥٠٠ پۆلیس بوون لە خەڵکی شنگال، ھەندێک خەڵکی شنگال دامەزران، بەڵام ھێشتا بەشێکی زۆر ماون و دانەمەزراون، زۆرجار لە ڕێگەی نووسراو و ڕاگەیاندنەکانەوە داوامان کردووە و پەرلەمانتارەکانی ئێمە لە بەغدا داوا دەکەن، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی دامەزراندنی ئەو کەسانە دیار نییە.
قایمقامی شنگال بە وەکالەت، گوتیشی: ئەگەر ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە جێبەجێ بکرێت، لە بەرژەوەندی خەڵکی شارەکەدایە، بەڵام حکوومەتی عێراق پابەند نییە و تا ئێستا یەک خاڵ بە تەواوەتی جێبەجێ نەکراوە و بەغدا نایەوێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت.