سبەینێ شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆ دەبنەوە

بەپێی زانیارییەکان بڕیار وایە، سبەینێ چوارشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2025،  شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆ ببنەوە.

کۆبوونەوەکە، درێژکراوەی کۆبوونەوەکانی ڕابردووە، کە تایبەتە بە ئامادەکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ چوار ساڵی داهاتووی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.

کۆبوونەوەی سبەینێ چوارشەممە، دەبێتە پێنجەمین کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

شەممە، 18-01-2025، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لــە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لێکگەیشتنی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هاتووەتە ئاراوە؛ بەم زووانە هەواڵی خۆش لەم بارەیەوە دەبیستین.”

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کە ڕۆژی 20-10-2024 کرا، پارتی 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەست هێنا.