سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان: یاسا و ماددەی دەستوورییەکان دەبێت بکرێنە میکانیزمی چارەکردنی کێشەکانمان لەگەڵ عێراق

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لە داڤۆس، ڕایگەیاند: یاسا و ماددەی دەستووری هەن کە دەبێت ببنە میکانیزمی چارەسەکردنی پرسەکانی ئێمە لەگەل بەغدا.

سەفین دزەیی، باسی لە گۆڕانکارییە خێراکان و ڕووداوەکانی سووریا کرد و وتی: من پێموایە ڕووداوە خێراکانی سووریا هەمووانیان سەرسام کرد.
وتیشی : من پێموایە تەنانەت بۆ سەرکردەکانی ئێستای دیمەشقیش سەرسامکەر بوو، کە چۆن ڕژێم لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا پێچرایەوە، ڕەنگە ئەمە بۆ هەموو لایەک سوپرایزێکی گەورە بووبێت. ئێستا ئێمە شتی دروست و باش لە سەرکردەکانی دیمەشقەوە دەبیستین.
سەفین دزەیی، ئەوەشی خستەڕوو: چەندین پرسی سەرەکی هەن کە ئەمه‌ریکا هەر لە سەرەتاوە تیایاندا بەشدارە، ڕوونە کە پرسی ئیسرائیل و فەلەستین، کە ئەمە پێویستە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، جا بە هەر میکانیزمێک بێت. دووەم سووریایە، کە ئەمه‌ریکا تیایدا بەشدارە، بە تایبەت لەگەڵ پرسی کوردی سووریا. سێیەمیش پرسی عێراقە، لە ساڵی 2003ـەوە، زۆر ڕوونتر لەدوای ساڵی 1991، دوای شەڕی يه‌كه‌مى كه‌نداو، ئەمه‌ریکا زۆر بە قووڵی بەشداربووە، کە دەیویست کارەکە تەواو بکات، بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
وتیشی:ڕاستە هەمیشە ئاسان نییە سەرکردایەتی بکەیت، هەندێکجار لەوانەشە وەرگرتنەوەی کورسییەکە ئاسانتر بێت، بەڵام بەو پێیەی ئەمه‌ریکا دووبارە سەرکردایەتییەکەی وەرگرتووەتەوە، بۆیە زۆر کار هەن کە بە نیوەیی بەجێماون، لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتیش جەنگی دژ بە داعش بە هەوڵی هاوبەش سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا هەڕەشەی داعش هەیە، بە تایبەت دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە و وەک ئەوەی بینیومانە هەڕەشەکانی داعش یان هێرشەکانی داعش زیاد بوون.
سەفین دزەیی، هاوکات باسی لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق کرد و ڕایگەیاند : من لەو باوەڕەدام کە ئێمە زۆر قەرزاری وەبەر‌هێنەرە ناوخۆییەکانی خۆمانین، هەندێکیان لێرە ئامادەن، ئەمانە لە کاتە سەختەکاندا پاڵپشتیی پلانەکانی حکومەتیان کردووە، ئەو کاتانەی کە حکومەت ڕووبەڕووی سەختیی دارایی بوويه‌وه‌، ئەوان یارمەتیی بەردەوامبوونی سیستمیان دا لە ڕووی ژێرخان و کەرتی تایبەتەوە، دەبێت ئەوەش بڵێم کە سیستم لە عێراق بە گشتی، سیستەمێکی ناوەندیی سۆسیالیستی بووە کە هەموو شت بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە، لەم سیستەمەدا دەوڵەت ڕێبەر بووە، دەوڵەت برا گەورە بووە، دەوڵەت دابینکار بووە، لە لانکەوە تاوەکو گۆڕ دەوڵەت لە هەموو شتێک بەرپرسیار بووە، ئێمە هەوڵمان دا لەمە دوور بکەوینەوە، هاندەر و پشتیوان و گەشەپێدەری ئابووریی بازاڕی ئازاد بین لە ڕێگەی هاندانی خاوەنکاران، هەندێک لەو کەسە باشانەش کە لێرە دەیانبینیت ئەوانەن کە بە هەوڵی خۆیان بوونەتە ملیۆنێر. بۆیە ئێمە زۆر قەرزاری ئەوانین، حکومەت ڕێکخەربووە، حکومەت هەوڵیداوە پێداویستە بنەڕەتییەکانی دانیشتووان دابین بکات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا حکومەت ڕێگەی بە کەرتی تایبەت داوە تا ڕەوڕەوه‌ی ئابووری لە جوڵە بەردەوام بێت
وتیشی : پێموایە ئەوەی کە دەتوانێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا دیاری بکات ئەوەیە کە ئێمە دەستوورێکمان هەیە کە لەلایەن ٪85 ـی عێراقییەکانەوە لە ساڵی 2005 دەنگی لەسەر دراوە، نووسینەوەی ئەم دەستوورەش لەگەڵ دۆستانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدراوە، بە بڕوای من ئەمە باشترین دەستوورە لە تەواوی ناوچەکەدا، ئێمە کێشەمان هەیە و دەڵێین با دابنیشین و بزانین دەستوور لەو بارەوە چی دەڵێت، من بە خەمبارییەوە ئەمە دەڵێم لەسەر هاوڕێیانمان لە بەغدا، ئەمە پرسێکی بابەتی بووە و تەنیا هەندێک ماددەی دیاریکراوی دەستووریان هەڵبژاردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکوو ساڵی 2005 پەیوەندیمان لەگەل بەغدا زۆر باش بوو، ئێستاش پەیوەنديی باشمان هەیە، وەزیرمان لە کابینەی حکوومەتدا هەیە، پەرلەمانتارمان لە پەرلەمانی فیدراڵی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کێشەمان هەن، کێشەی ئابووری، دارایی و بودجە، کێشەی وزە و کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، ماددەی 140ی دەستوور کە پێویستە لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێت، ناوچە جێناکۆکەکان دەبێت لە ڕێگەی میکانیزمێکی دیاریکراوەوە یەکلا بکرێنەوە، کە ئەمەش دەبوو ساڵی 2007 بکرێت، وا ئێستاش ئێمە لە ساڵی 2025 داین، من هێشتاش پێم وایە کە دەتوانین دابنیشین.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستان خۆڕاگری و ئیرادەی خەڵکەکەیەتی، ئەوان لە هەموو ناخۆشی و ئاڵنگاريیەک کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە. لە ڕابردوودا تەنیا چیاکان دۆستمان بوون، بەلام ئەمڕۆ هاورێی نێودەوڵەتيی زۆرمان هەیە، بە نموونە کەسانی وەک تۆ کە لێرە لەگەڵمان دانیشتوویت و لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس چای کوردیمان خواردەوە و زۆر هاورێی دیکەمان هەن. بۆیە خۆڕاگريی خەڵکی ئێمە و ئیرادەی خەڵکی ئێمە بۆ خەبات کاتێک دەڵێم خەبات، بۆ چەند دەیە پێشمەرگە شه‌ڕى گەورەی ئەنجام دا، بەڵام بۆ ئەمرۆ پێويستە خەباتی ئێمە بە ڕێگه‌ی دیکە بێت، لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گەشەسەندنی ئابووری و دڵنیابین لەوەی کە باشترین پێوەرەکانی ژیان بۆ خەڵکی خۆمان دابین دەکرێت، کە زۆر ئازار و نەهامەتییان چەشتووە، لە جینۆساید و هێرشی کیمیایی و هەتا دوایی.