ڕۆژی 26ی کانونی دووەمی 2025، کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری لە نوێنەرایەتی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بۆ شاندی کۆماری عێراق لە (48)ەمین خولی پانۆرامای گشتگیری (UPR)بەڕێوەچوو.
لەکۆبوونەوەکە هەریەکە لە بەڕێزان خالید شوانی وەزیری دادی حکومەتی ئیتحادی، د.دیندار زێباری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، عەبدولکەریم هاشم نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە جنێڤ، عەبدولکەریم توعمە سەرۆکی فەرمانگەی مافەکانی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوە، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ مافەکانی مرۆڤ و ژمارەیەک ڕاوێژکاری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئیتحادی ئامادە بوون.
لە بارەی کۆبوونەوەکە د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو میکانیزمە خرایە ڕوو کە شاندی کۆماری عێراق پەیڕەوی دەکات لە وەڵامدانەوەی ڕاسپاردەکانی پانۆرامای خولی گشتگیر و ئەو وتارانەی پێشکەش دەکرێن.
د.دیندار زێباری ئەوەشی خستە ڕوو لە وتاری حکومەتی هەرێم تیشک دەخرێتە سەر ئەو هوڵانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە هەرێم دراون بۆ پابەند بوون بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسیار و ڕاسپاردانەی ئاراستەی هەرێم کراون.
ئەوەشی باس کرد لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ دەربارەی ئەو پرسیار و ڕاسپاردانە کرا کە لەلایەن نوێنەرانی (96) وڵاتەوە دەخرێنە بەردەم شاندی کۆماری عێراق بۆ وەڵامدانەوەیان.
شایەنی باسە ڕۆژی 27ی کانوونی دووەمی2025، کۆبوونەوەکانی (48)ەمین گەڕی پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) ی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی چوارەمی کۆماری عێراق دەستپێدەکات