راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ـی کانوومی دووەمی 2025، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز ‘یـان برێم’، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەت تێیدائامادەبوو. وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ ئامادەبووان باسیان لە ڕەوشی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، پرسی چاکسازی و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتی سەربازی، دامەزراندنی ٦ فیرقـەی پیادە لە ئێستادا و هەوڵدان بۆ بنیانتانی فیرقەی زیاتر لە ژێر سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو.
وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: “ئامانجی وەزارەتی پێشمەرگە بنیاتنانی
سووپایەکی نیشتمانی کوردستانییە، کە لەم پێناوەشدا هەموو هەوڵەکانمان چڕکردۆتەوە و بەردەوام و پێداگرین لەسەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە”.
کونسوڵی گشتیی فەرەنسا، دڵخۆشی خۆی دەربڕی و پەیامی پاڵپشتی و پشتیوانی گەل و حکومەتی فەرەنسای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوەو رایگەیاند: “دڵخۆشین و چاوەڕێین لەم ساڵدا وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی زۆرباش بەدەستبهێنێت لە پرۆسەی چاکسازیدا. لەم پێناوەشدا ئێمەش هاوکار و پشتیوانتان دەبین”.
لە کۆتاییدا، هەماهەنگی زیاتر و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بە ئامانجی فراوانکردن و کاری هاوبەش گفتگۆی لەبارەوە کرا.