سبەینێ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی زانستی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

زانکۆی سەلاحەددين و زانکۆی تیشک بە هاوبەشی، حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستی کرداریی و وزە و ژینگە (ICASEE 2025) لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە دەبەن.

ئەم کۆنفرانسە زانستییە سبەینێ سێشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2025، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هۆڵی کۆچەر بیرکار، لە ناوەندی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

کۆنفرانسەکەی ئەم ساڵ زیاتر سەرنج دەخاتە سەر پێشکەوتنەکانی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە بواری چاودێریی تەندروستی و بەکارهێنانی لە دامەزراوە حكوومەتیيەكاندا.

هەر لەم کۆنفرانسەدا، گفتوگۆی گرنگ لەسەر ڕۆڵی وزەی نوێبووەوە لە چارەکردنی قەیرانی کەشوهەوا باس دەکرێت، لە نێویاندا وشکەساڵی و تیشک خستنە سەر ڕۆڵی “تەکنۆلۆجیای نانۆ” لە پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا بۆ چارەکردن و بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە.

حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستی کرداری و وزە و ژینگە، کۆبوونەوەیەکی جیهانی بەناوبانگە، سەکۆیەکی پێشەنگە بۆ پێشخستنی داهێنان له بوارە زانستییەکانی:

– زانستی بایۆلۆجی گشتی و پژیشکی

– فیزیای کرداری و پزیشکی

– کیمیای ئەندازیاری

– زانستی کۆمپیوتەر

– ژینگە و تەندروستی و زانستی زەوی و نەوت

هەر لەم کۆنفرانسەدا مەترسی و گرفتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بە تایبەت قسە لەسەر ڕۆڵی وزەی نوێبووەوە و چۆنێتی چارەکردنی قەیرانی کەشوهەوا باس دەکرێت، لەوانەش وشکەساڵی، تیشک خستنە سەر ڕۆڵی زانستی نانۆ لە پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا  بۆ چارەکردن و بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە.