لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە دەیان پاشماوەی جەنگیی دۆزراوە پووچەڵ کرانەوە

لە سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەیان مین و پاشماوەی جەنگی و نەتەقیوو کە مەترسی بوون بۆ گیانی هاووڵاتییان، لەلایەن تیمەکانی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی سەرجەمیان پووچەڵ کرانەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر؛
دوو مین لە چیای (سەفین) دەرکەوتبوون کە شوێنێکی گەشتیارییە و هاووڵاتییان زۆر سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن، بۆیە تیمی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر ڕاسپێردرا و دەستبەجێ گەیشتنە شوێنەکە و هەردوو مینەکەیان پووچەڵ کردنەوە و گواستیانەوە بۆ کۆگەی سەرەکی بۆ لەناوبردنیان.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی؛
مینێکی دژە تانک لە جۆری “TM46″ی ڕووسیایی، لە گوندی “دەربەندە سووتاو” سەر بە شارەدێی بازیان دۆزرایەوە و لەلایەن تیمی تەقاندنەوە، مینەکەیان پووچەڵ کردەوە، پاشانیش گواستیانەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو، بە مەبەستی لەناوبردنی.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک؛
دوای ئەوەی لە ناحیەی فائیدەی پارێزگەی دهۆک، لەلایەن جوتیارێکەوە لەکاتی زەوی کێڵان ژمارەیەک تەقەمەنی دەرکەوتبوون، دەستبەجێ تیمەکانی لەناوبردنی تەقەمەنی EOD بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مینی دهۆک 14 گولـله‌ RPG دۆزییەوە گواسترانەوە بۆ کۆگە، بە مەبەستی لەناوبردنیان.