دوو پڕۆژه‌ی گرنگی خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێ ده‌كرێت

 

چواس خالید – هەولێر

به‌ گوژمه‌ی نه‌وه‌ت ملیار دیناری عێراقی ده‌ستكرا به‌ پڕۆژه‌ی چاككردن و ته‌واوكردنی دوو سایدی ماوه‌ران – میراوه‌، هاوكات به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ ملیار و نیوێك دینار، له‌ هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری قیرتاوكردنی شه‌قامی هه‌ولێر – به‌حركه‌ داندرا.

سه‌رباری نه‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن به‌غدادوه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ده‌ستكرا به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری چاككردن و ته‌واوكردنی دووسایدی نوێی ماوه‌ران – میراوه‌. دوای پێداچوونه‌وه‌ به‌ دیزایی و ڕێڕه‌وی ڕێگه‌كه‌، پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ته‌واوكاریی دووسایدی نوێی ماوه‌ران – میراوه‌ (هامڵتۆن) كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌. ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ كه‌ نزیكه‌ی ده‌ كیلۆمه‌تره‌، به‌ گوژمه‌ی نه‌وه‌ت ملیار دیناری عێراقی، له‌لایه‌ن كۆمپانیا و هێزی كاری خۆماڵی جێبه‌جێ ده‌كرێت. له‌ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری چاككردنه‌وه‌ و ته‌واكاریی دوو سایدی نوێی ماوه‌ران – میراوه‌ (هامڵتۆن)، وێڕای چاككردنه‌وه‌ی ڕێگه‌كه‌، كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و ته‌واوكارییه‌ پێویستییه‌كان بۆ هه‌ردوو تونێلی میراوه‌ و ماوه‌ران ده‌كرێت و چه‌ند به‌رزه‌ پردێكیش له‌ شوێنه‌ پێویسته‌كان بنیات ده‌نرێت.
جیا له‌و پڕۆژه‌یه‌ و هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی كاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌مه‌ڕ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری، له‌ مه‌ڕاسیمێكی تایبه‌تدا ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری قیرتاوكردنی شه‌قامی هه‌ولێر – به‌حركه‌یان دانا.
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕایگه‌یاند، جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ له‌ هه‌ولێر داده‌نێین، ئه‌ویش پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ولێره‌، كه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری به‌ شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری ده‌به‌ستێته‌وه‌، له‌ قۆناغی دووه‌میشدا، شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری به‌ شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری له‌ ڕێگه‌ی به‌حركه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.
ساسان عه‌ونی گوتی، “له‌ژێر فه‌رمان و ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت به‌رده‌وامن له‌ خزمه‌تكردن و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری، له‌ هه‌ركوێیه‌ك پێویست بێت خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ن”.
پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری قیرتاوكردنی شه‌قامی هه‌ولێر – به‌حركه‌، به‌ دوو قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت، قۆناغی یه‌كه‌می كه‌ زیادتر له‌ كیلۆمه‌ترێك و نیوه‌ و قۆناغی دووه‌میش چوار كیلۆمه‌تر و نیو زیادتره‌، به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و شه‌ش سه‌د و چل و پێنج ملیۆن دیناری عێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت. له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر و له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا، ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ جێبه‌جێكردندان و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا به‌ كوالێتی به‌رز ته‌واو ده‌كرێن و ده‌خرێنه‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌. جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی له‌كاتێكدایه‌، ماوه‌ی یازده‌ ساڵه‌، واتا له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، به‌بانووی جۆراوجۆری بێ بنه‌ما و به‌ نایاسایی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌.