بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک دیدارى کاریگەریی ئەدەبى زارەکى لەسەر میوزیکی کوردى سازدا

دوێنێ، بە ئامادەبوونى د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ژمارەیەک لە هونەرمەند و هونەردۆستان و نووسەر و ڕۆژنامەڤانان، (دیدارى کاریگەرىی ئەدەبى زارەکی، ئەدەب و هونەر، چراکانى ڕێگاى ژیانە) لە سەر میوزیکی کوردى لەلایەن بەشى ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندنى پ.د.ک سازکرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە (گوتار، پەیڤین دۆکیۆمێنتاری، پانێڵ، خەڵاتی ڕێزلێنان، گوڵی وەفا، میوزیک و دابەشکردنی ئەلبوومی خاکڤین)ی لە خۆگرتبوو و، لە دەستپێکدا؛ خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی)ی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد.
دواتر د. سالار عوسمان، ئەوەی خستەڕوو کورد هەم لە بواری ئەدەبی زارەکی کە بناغەی ئەدەبی نووسراوە، هەم لە بواری میوزیک زۆر دەوڵەمەندە و خودان گەنجینەیەکی گشتگیرە و بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن وەکو هەمیشە لە چالاکییەکانی خۆی فرەڕەهەندانە و کۆکەرەوە ڕێکخستووە بۆ ئەوەی ئاگای لە هەموو گۆشە جیاوازەکانی ژیان بێت، هەر لە سیاسەت و هزر، تا دەگاتە هونەر و جووڵە هونەرییەکان و ئەدەب و ژانەرە ئەدەبییەکان، میدیا تا دەگاتە ژیان و ژیار و تێکڕای ئەو بوارانەی کە کۆمەڵگەی کوردەواری و دونیا پێوەی سەرقاڵن، کەواتە بینینی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ژیان بینینێکی گشتگیر و کۆکەرەوەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا فیچەرێک پێشکەشی ئامادەبووان کرا، تیادا ژمارەیەک لە ئەدیب و ڕۆشنبیرانی دیاری کوردستان، دیدگای خۆیان لەمەڕ ئەم پرسە خستەڕوو.
پاشان پانێڵێک لەبارەی دیدارى کاریگەریى ئەدەبى زارەکى لەسەر میوزیکى کوردى بەڕێوەچوو، تیایدا بە وردی شیکردنەوە بۆ کاریگەرییەکانی ئەدەبی زارەکی لەسەر میوزیکی کوردی کرا.
ئاهوورا کوردستانی، بەڕێوەبەری پانێڵ پێشەکییەکی خستەڕوو، دواتریش پ.د.عەبدولخالق يەعقووبی پێگەی جوانیناسانەی ئەدەبی زارەکیی کوردی بۆ ئامادەبووان باسکرد هەروەها پ.ى.د. ئامانج غازی ڕەنگدانەوەی ڕوانگەی ئەدەبی زارەکی لە نێو فۆڕمەکانی چڕینی کوردیدا خستەڕوو.
دوا بابەتی پانێڵەکەش لەلایەن د.هەنگاو ئەنوەر شێخانی بە ناونیشانی ڕەهەندەکانی بنیاتی میوزیکی فۆلکلۆری كوردى بوو.
وێڕایی پێشکەشکردنی گوتارێک لەلایەن نووسەر (ڕابەر کوردستانی) ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ.د.ک)، هەروەها گوڵی ڕێز و وەفا بە نووسەر (ڕابەر کوردستانی) بەخشرا.
کۆتا بڕگەی ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە دابەشکردنی یەکەمین بەرهەمی ئۆرکێسترا بۆ فۆرمەکانی ئەدەبی زارەکی لەنێو ئەلبوومی (خاکڤین) و پێشکەشکردنی چەند تراکێک لە بەرهەمەکە.