ڕائیب جادر – هەولێر
ساڵی ڕابردوو حکوومەتی ھەرێم ھاوکارییەکی باشی جووتیارانی کردووە، ئەوەش وای کردووە کە تەنیا لەو ساڵەدا لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٥٤ تۆن بەرھەمی ناوخۆ بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕەوانە بکرێت، ئەوەش دەستکەوتێکی باشە بۆ بەرھەمی ناوخۆ، بەتایبەتی لە بواری بازاڕگەریدا.
٢١٨٠ پڕۆژەی کشتوکاڵی جێبەجێ کراون
حکوومەتی ھەرێم بایەخێکی تایبەتی بە گەشەپێدانی کەرتە جیاوازەکان داوە لە نێویاندا کەرتی کشتوکاڵ، ھەروەھا جیا لە بە بازاڕکردنی بەروبوومی جووتیاران لە ئاستی ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵاتیش، بایەخێکی زۆر بە دروستکردنی سایلۆ لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دراوە، وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ پتەوکردنی ئاسایشی کشتوکاڵ و ئابووری، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا ٢١٨٠ پڕۆژەی کشتوکاڵی لە شار و شارۆچکە جیاکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی ھەرێم جێبەجێ کراون.
لەسەر بنەمای زانستی توانای جووتیاران بەرەو پێشەوە دەبردرێت
کابینەی نۆیەم کایەی کشتوکاڵی وەکو گرنگترین بواری گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان بە ھەند وەرگرت، بۆ ئەو مەبەستە پەرەپێدانی تواناکانی جووتیارانی بەگەڕخستەوە، لەو سۆنگەیەوە چەندین خولی جۆراوجۆر بۆ جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کراونەتەوە و لەسەر بنەمایەکی زانستی تواناکانیان بەرەو پێشەوە دەبردرێت.
لە کابینەی نۆیەمدا، بە گرنگی پێدانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت، بایەخی زۆر بە بواری کشتوکاڵ دەدرێت، لەم ڕووەوە کردنەوەی خولە کشتوکاڵییەکان بۆ بەرزکردنەوەی توانای جووتیارانە کە بواری زانستی و کردەیی دەگرنەوە.
لە چوار ساڵی ڕابردوودا ١٠ پۆند و ٨ بەنداو دروست کراون
لە ھەرێمی کوردستان ٣٦ بەنداوی گەورە، مامناوەند و بچووک ھەن، ٢٥ لەو بەنداوانە تەواو کراون و ١١ بەنداوی دیکەش لەژێر پرۆسەی جێبەجێکردندان، تەنیا لە کابینەی نۆیەم، ٨ بەنداو تەواو کراون، لەبارەی ژمارەی پۆندەکانیش لە ھەرێمی کوردستان ١١٨ پۆند ھەن، ١٠ پۆندی گەورە لە کابینەی نۆیەم تەواوکراون و ٤٣ پۆندی دیکەش دروست دەکرێن، ئامانج لە دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بریتییە لە پاڵپشتیکردنی جووتیاران، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو، ئێستا ھەرێمی کوردستان توانای گلدانەوەی ١٥٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە، بەھۆی ئەو بەنداو و پۆندانەی لە ماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری لەسەر کردووە. ئەندازیار فەرھاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی، ھەر گۆڕانکاریەک لە کەشوھەوادا دروست بێت دەبێت وەکو ھەرێمی کوردستان خۆمان لەگەڵ بگونجێنین، حکوومەتی ھەرێم پلانی زۆر باشی داناوە، بۆ ئەو مەبەستە چەندین پۆند و بەنداو دروست کراون، بۆ ئەوەی ئیدارەیەکی باشتری سەرچاوەکانی ئاو بکەین، لە ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا ٨ بەنداو دروست کراون، لەگەڵ ١٠ پۆند، پلان ھەیە کە چەند بەنداوێکی دیکەی گەورە لە سنووری دھۆک دروست بکرێن، بۆ نموونە بەنداوی باکرمان، کە یەکێکە لەو بەنداوانەی کە لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگای دھۆک ھەوڵ ھەیە کە پێداچوونەوە بە دیزاینەکەی بکرێت، چونکە ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان.
بەرھەمی جووتیاران ھەناردەی دەرەوە دەکرێت
حکوومەتی ھەرێم، بەڵێنی ئەوەی بە جووتیاران دا کە بەرھەمەکانیان لە ڕێی دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە، ھەناردەی دەرەوە بکرێت، سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکەی بەجێگەیاند و توانرا بۆ یەکەمجار چەند جۆرێک لە بەرھەمی جووتیاران ڕەوانەی دەرەوە بکرێت و بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت کشتوکاڵ لە ھەرێم ھەنگاوی گەورەی ناوە بەو پاڵپشتییەی حکوومەت کە بۆ بەرھەمی ناوخۆ دەیکات.
ھەرێمی کوردستان لە زۆربەی ئەو بەرھەمانەی کە بەرھەم دەھێنرێن، دەوڵەمەندە، لە کوردستان جووتیاری زۆر بە ئەزموون ھەن، ئەو بەرھەمانەی ڕەوانەی دەرەوە کراون، حکوومەت کاری لەسەر کردوون لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ وەک ترێ، سێو، ھەنجیر، ھەنگوین، تەحین و سماق ڕەوانەی دەرەوە کراون. شاکر ئەحمەد، جووتیارێکی سنووری دھۆکە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ناردنە دەرەوەی بەرھەمی جووتیاران بۆ دەرەوە دەستکەوتێکی گرنگی کابینەی نۆیەمە، لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتیەکی گرنگە بۆ ئێمەی جووتیاران کە زیاتر ڕوو لە کاری کشتوکاڵی بکەین، چونکە دڵنیابووینەتەوە لەوەی کە بەرھەمەکانمان وەکو ساڵانی ڕابردوو فڕێ نادەین.
ئەو جووتیارە، دەشڵێ: داوا لە حکوومەتی ھەرێم دەکەین ئەو کەلوپەلانەی کە پێویستن بۆ ئێمەی جووتیاران دابین بکەن، بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بەو کەرتە بدەین و ھەموو جۆرە بەرھەمێک ھەناردەی دەرەوە بکەین.
سامی قادر، جووتیارێکی ئیدارەی سۆرانە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: دەڤەری سۆران زەوی لە بار و بە پیتی ھەیە، بە دەیان ڕووبار و ئاو و کانیاوی سازگاری ھەیە، بەمەش ساڵانە بە ھەزاران تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی لە سنوورەکە بەرھەم دەھێنرێت، جگە لە دابین کردنی بەشی ناوچەکە، ڕەوانەی بازاڕەکانی کوردستان و عێراق دەکرێت، سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ئێمە، بەروبوومی کشتوکاڵی لە وڵاتانی دراوسێ بۆ ھەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت، بەوەش بەروبوومی ناوخۆ ساخ دەبێتەوە، ئەوەش بووەتە ھۆی بووژانەوەی ئابووری ھەرێم و سوودمەندبوونی ئێمەی جووتیاران.
بارزان عەلی، شارەزا لە بواری کشتوکاڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوێکی گەورەی لە بواری کشتوکاڵ ناوە، کاتێک بڕیاری بردنە دەرەوەی بەرھەمی ناوخۆی کوردستانی دا بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئومێدبەخش بوو، جووتیار ھەمیشە لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمەکەی گەورەترین خەمی ئەوەی بوو کە چۆن ئەو بەرھەمە ساغ بکاتەوە و تووشی زیان نەبێت و بتوانێت ڕەنجی ماندووبوونی وەربگرێتەوە، کردنەوەی بازاڕ لە دەرەوە ھەنگاوێکی گەورەبوو، ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشێکی زۆری بەرھەمەکانی ڕەوانەی دەرەوە بکات.
ئەو شارەزایەی بواری کشتوکاڵ، ڕوونیشیکردەوە: حکوومەتی ھەرێم کاری گەورەی کردووە لە بواری کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ، ھەموو ھاوکارییەکی بۆ جووتیاران ڕاگەیاندووە و کەرتی کشتوکاڵ پێشوەچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ھەروەھا چەندین بەرھەمی ناوخۆ ڕەوانەی دەرەوە کراون وەک براندێکی کوردستان بۆ ئەوەی بەرھەمەکان لە دەرەوە بناسرێنەوە.
سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتی جووتیارانە
مسلح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پارێزگای دھۆک ناسراوە بە چاندنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، بەپێی ئامارەکان تەنیا ساڵی ڕابردوو ٢٥٤ ھەزار تۆن بەرھەمی سەوزە و میوە لە پارێزگای دھۆک بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕەوانە کراوە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، جەختی لەوەشکردەوە: سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی کابینەی نۆیەم پەیداکردنی بازاڕ بوو بۆ جووتیاران، بەشێکی زۆری ئەو پلانەی بۆ ئەم چوار ساڵە دانرا بوو، جێبەجێ کراوە و مەبەستیشمان زیاتر گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵە، سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتی جووتیارانە بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان نەمێنێتەوە و بازاڕی ھەبێت، چەند ساڵێکە بەردەوام بەرھەمی جووتیاران ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.