بەشی یەکەم
كەناڵی شەمس: ئێوارەتان باش. لە ٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٣ و دەست پێكردنی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا، بۆ سێپتێمبەری ٢٠٢٤ و شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا ٦٦ رۆژ و دواتر رووخانی رژێمی ئەسەد بە شێوەیەكی لەناكاو لە ٨ی دیسێمبەری ٢٠٢٤، تا دەگاتە سەر گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی، ئەو رووداوانەن كە لە قووڵایی دۆزەكانی ناوچەكەدان و كارتە سیاسییەكانیان تێكەڵ كردووە و هاوسەنگییەكانی هەڵگێڕاوەتەوە. ئەو ڕووداوانە كە كاردانەوەی ناوچەكە و نەتەوەكانی لێكەوتۆتەوە. ئاییندەی كورد لە سووریا و ناوچەكە، دۆخی ئێستا لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان. خوێندنەوەی رەنگدانەوەی ڕووداوەكانی سەر ناوچەكە و ئاییندەكەی لەم چاوپێكەوتنە تایبەتە تاوتوێ دەكەین. ١٥ ساڵ لە عێراق ئامادە نەبووم، گەڕامەوە بۆ چاوپێكەوتنی سەرۆك بارزانی و بینیم وەك ئەوەی پێش زیاتر لە ٢٠ ساڵ ناسیم، خاوەن هەڵوێستی روونە كە لێكدانەوەی دیكە هەڵناگرێ.
فراوانتر لە عێراق، كوردی سووریای لە خۆ گرتووە، بۆتە گەرەنتیكاری ئاشتیی كوردی توركیا و ئەركی هێرشە دووبارەبووەكانی ئێران بۆ سەر كوردانی ئێران لە چیاكانی كوردستان بە ئاوارە و شەڕكەرەكانیان لە ئەستۆ دەگرێت. تا وای لێهاتووە كە بۆتە عوڕابی كورد و دۆزەكەیان لە جیهان.
كەسایەتیی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ سیاسییەكان موحریجە، راشكاوییەكەی لەگەڵ هونەری سیاسەت و درۆی سیاسەت دژیەكن.
كەناڵی شەمس: فەخامەتی سەرۆك بەخێر بێیت. ئەمجارە لە كەناڵی شەمس كە یەكەمین كەناڵی كوردستانییە بە عەرەبی و ئاراستەكەی بۆ جەماوەری عەرەبییە. سوپاس بۆ بەدەمەوەهاتنی بانگهێشتەكە. سەرەتا بۆچی كەناڵی شەمس؟ ئەمە پرسیارێكی گشتییە پێش ئەوەی بچینە تەوەرە زۆرەكان. كورد هەمیشە بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە ئینفساڵینە، كرانەوەی كەناڵی شەمس وەك ئەوەی بە جیهانی عەرەبی دەڵێیت كە ئێمە بەشێكین لە جیهانی عەرەبی و ئوممەتەكە، ئایا ئەمە راستە؟
سەرۆك بارزانی: سوپاس بۆ ئەم بانگهێشتە و پیرۆزبایی كرانەوەی كەناڵی شەمس لە گەلی كوردستان دەكەین. كەناڵی شەمس خواستێكی گەورەی ئێمەی وەدی هێنا. ئامانج لە كەناڵی شەمس بریتییە لەوەی راستیی كوردستان بۆ جیهانی عەرەبی و جیهان بە گشتی بگوازرێتەوە، چونكە بەداخەوە تاوەكو ئێستا راستی لەبارەی كوردستان غایب بوو و یانیش بە كەموكوڕی یان بە شێواوی دەگوازرایەوە. بۆیە هیوا دەخوازین كە كەناڵی شەمس ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕ بكاتەوە كە لە رابردوودا هەبوو.
كەناڵی شەمس: فەخامەتی سەرۆك، پێش ئەوەی بچمە سەر دۆسیە سیاسییەكان، زیاتر لە ٢٠٠ ڕاگەیاندنكاری عەرەبی لە ٢٠ وڵات، ئەمڕۆ لە هەولێر دەژین. یەكەم شت كە مرۆڤ بیری دەچێتە سەر، ئاسایش و سەقامگیری و ئازادیی كەسی و دیداری پێكهاتەكان (دەزانم پێت خۆش نییە بە كەمینە ناویان بێنین)، ئەمڕۆ ئێمە هەست بەو ئەزموونە سەركەوتووە لە هەولێر دەبینین، پێموایە و بەبێ موجامەلە، ئەمە بەهۆی هەوڵتانەوەیە. سوپاس بۆ پێشوازیكردنمان و پێشوازیكردن لەو تیمە كە من شانازی بە هەر یەكێكیانەوە دەكەم و سوپاس بۆ ئەو میواندارییە.
سەرۆك بارزانی: منیش زۆر بەختەوەرم بە ئامادەبوونت هاوڕێی ئازیز، بە بوونی ئەو ستافەی كە ئێستا ئامادەن، بەخێرهاتنیان دەكەم و دڵنیایان دەكەمەوە كە لەنێو خەڵكی خۆیان و وڵاتەكەیان دەژین. لە راستیدا حەز بە دەستەواژەی كەمینەكان ناكەین، تەنانەت ئەگەر راستیش بێت، بەڵام رقمان لێیەتی، بۆیە چەند ساڵێك لەمەوبەر چوومە پەرلەمانی كوردستان و داوام لێكردن پشت بە دەستەواژەی پێكهاتەكان ببەستن لەجێی كەمینەكان، بۆیە ئێمە وشەی كەمینەكان بەكار ناهێنین، بەڵكوو پێكهاتەكان بەكار دێنین.
كەناڵی شەمس: باسی پێكهاتەكان كرا، دەچمە سەر سووریا و بە ڕووخانی ئەو ڕژێمە باسی دەكەم كە لوبنانییەكان بە كابووسی سەر لوبنانیان دادەنا و سوورییەكانیش لە زوڵم و سەركوتكردن ژیان، بەڵام لە كۆتاییدا بە شێوەیەكی لەناكاو رژێمی ئەسەد ڕووخا. یەكەم، فەخامەتی سەرۆك، پێشبینیت دەكرد كە ئەو رژێمە بڕووخێ؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا دەمزانی كە رژێم بەدەست پەراوێزكەوتنێكی كوژەرەوە دەناڵێنێت، بەڵام ڕووخان بەو خێراییە، نەوەلا پێشبینیم نەكردبوو. شۆك بووم بە خێرایی ڕووخانەكە، نەك ڕووخانەكە. پێموایە كە ئەو ڕووخانە لە ٢٠١١ ڕووی دەدا ئەگەر ڕووسیا و ئێران و حزبوڵای لوبنان پشتیوانییان نەكردبایە.
كەناڵی شەمس: پێتوایە كە ڕووس و ئێرانییەكان دەستیان لە ڕژێمی ئەسەد بەردا؟
سەرۆك بارزانی: تەبعەن ئەولەویات و تواناكان هەموویان گۆڕان، پشت بە هێزەكانی سووریا بەسترا، ئەو هێزانەش شەڕیان نەكرد و هەرەسیان هێنا. هەمان ئەوەی كە لە ساڵی ٢٠١٤ لە مووسڵ ڕووی دا لە حەلەب دووبارە بووەوە.
كەناڵی شەمس: سەركردایەتییەكی نوێ لە سووریا هەیە، ئەحمەد شەرع، چۆن سەیری سەركردایەتیی نوێ دەكەیت؟ وریایی و ترس و دوودڵییەك هەیە بەوەی كە ئێمە رژێمێكمان بە ڕژێمێكی تر گۆڕییەوە و ئاسوودەیی دەروونی نییە، بەڵام تا ئێستا هەموو ئەوەی شەرع دەیڵێ، ئەوەیە كە حەز دەكەین بیبیستین. چۆن ئەزموونی شەرع هەڵدەسەنگێنیت تا ئێستا؟ ئایا وریایی و دوودڵیت هەیە یان گەشبینیت بە بوونی؟
سەرۆك بارزانی: ڕاستە ئەوەی تا ئێستا دەیبیستین، قسەی باش و رەوان، هیوا دەخوازین بۆ كردار وەربگێڕدرێت لە داهاتوو، هەقمانە كە هۆشیار بین، چونكە قسە بە تەنیا ناتوانێت بتگەیەنێتە ئەنجام، بەڵكو قسە دەرگا بۆ كردار دەكاتەوە. هیوا دەخوازین كە هەنگاوە كردارییەكان لە داهاتوو بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و سوودوەرگرتن لە رابردوو و وەرگرتنی دەرس و عیبرەت بێت لە رابردوو. لەسەرمانە چاوەڕێ بكەین.
كەناڵی شەمس: كامانەن ئەو هەنگاوانەی كە دەبێ ئەحمەد شەرع بینێت تاوەكو هەست بە دڵنیایی بكەن؟
سەرۆك بارزانی: ڕوونە كە كورد لە سووریا بەدەست تەعریب و ریشەكێشكردنەوە ناڵاندوویانە لە ١٩٦٢ەوە لە سەردەمی عەبدولحەمید سەراجەوە بەردەوام بووە تا ئێستا. گرنگترین شت كە پێشبینی دەكەین لە سیستەمی نوێ لە دیمەشق كە كۆتایی بەو مەینەتییانە بهێنێت و هەڵیانبوەشێنێتەوە، ئەمە لەبارەی گەلی كورد و تەواوی پێكهاتەكانی سووریا، بەوەی بە ئازادییان بگەن و هەست بە كەرامەت و هاووڵاتیبوونیان و مرۆڤبوونیان بكەن. هەرچی پەیوەندی بە گەلی كورد لە سووریاوە هەیە، داوایان لێ دەكەین كە رێی دایەلۆگ بگرن، داواش لە دیمەشق دەكەین كە لە تایبەتمەندیی كورد لە ناوچەكە تێبگەن.
كەناڵی شەمس: كاتێك دەڵێن هیوا دەخوازین كورد بە ئازادییان بگەن، ئایا ئەمە مانای وایە كە دەخوازن ببنە خاوەن هەرێم یان فیدڕاڵی یان حوكمی زاتی؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا من ئەم بڕیارە بۆ ئەوان جێدێڵم كە لەنێو خۆیاندا تێگەیشتنیان هەبێ و دواتر لەنێوان خۆیان و رژێم لە سووریا. نامەوێ كە جۆری ئەو چارەسەرە دیاری بكەم كە ئەوان پشتی پێ دەبەستن، بەڵام دەبێ ئەوان دەبێ بڕیار بدەن كە چۆن لەگەڵ دیمەشق ڕێك دەكەون.
كەناڵی شەمس: لەم دواییانە چاوت بە بەڕێز مەزڵووم عەبدی كەوت، بە چاوپێكەوتنێكی مێژوویی وەسف كرا، مەزڵووم عەبدیتان بە چی ئامۆژگاری كرد؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە وامانبینی كە بارودۆخەكە گونجاوە و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی دەخوازێت چاومان بە بەڕێز مەزڵووم كەوت، بە سوپاسەوە هات و پێشوازیم لێكرد و لەگەڵیدا بیروبۆچوون و پێشبینییەكانم ئاڵوگۆڕ كرد، باسی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەرع بۆ كردم، خاڵی هاوبەش و ناكۆكیش هەیە، ئامۆژگاریم كرد كە بێهیوا نەبێ و پەنا بۆ گفتوگۆ بكات و لە هەر هەژموونێكی دەرەكی دەربچێت و كار بكات بە ئاراستەی یەكخستنی وشەی كورد و هەڵوێستی كورد.
كەناڵی شەمس: كاتێك دەڵێیت هەژموونی دەرەكی، مەبەستت توركیایە بە دیاریكراوی؟ چونكە ئەمڕۆ دەگوترێ كە توركیا لە سووریا سەركەوت.
سەرۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە توركیا سەركەوت، بەڵام مەبەستم بارودۆخی ناوخۆییە لە ناوچە كوردییەكە نەك سووریا.
كەناڵی شەمس: هەستت بەوە كرد كە دڵنیاییەك لە لای كوردانی سووریا هەیە یان ئەوان تا ئێستا دەترسن؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا گەشبینن بەڵام بە حەزەرەوە، واتە ترسیشیان هەیە. چونكە ئاییندە نادیارە و نازانن داهاتوو چۆن دەبێت. بۆیە بە هەموو توانامان یارمەتییان دەدەین تاوەكوو بگەن بە داهاتووێكی سەقامگیر و شەرەفمەندانە و گەشەكردوو.
كەناڵی شەمس: لە دیدارەكەت لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم عەبدی، ئایا هەستت بەوە كرد كە ویستی جوداخوازی لە لایەن كوردانی سووریا هەیە كە داوای ئازادی و دەوڵەتی خۆیان بكەن؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر، ئەوان دەیانەوێ بەشێك بن لە سووریا، بەڵام مافیان هەبێت، ئەو مافانەی كە لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی سووریاوە لێی بێبەش بوون.
كەناڵی شەمس: چۆن ئامۆژگاریت كرد لە مامەڵە لەگەڵ پەكەكە، ئاڵۆزی لەم بابەتە هەیە.
سەرۆك بارزانی: ئامۆژگاریم كرد بەوەی كە نەچێ لەگەڵ پەكەكە پێكدابدات یان موقاتەعەیان بكات، بەڵام كاتی ئەوەیە كە پەكەكە كوردانی سووریا بەجێ بهێڵێت تاوەكوو خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و دەستێوەردان لە كاروباریان نەكات و ناوچەكە بەجێ بهێڵێت. چونكە بوونیان بە كێشەیەكی گەورە و پاساوێكیشە بۆ دەستێوەردانی توركیا.
كەناڵی شەمس: واتە بوونیان بارە بەسەر سووریاوە؟
سەرۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە.
كەناڵی شەمس: كامەیە ئەو رۆڵەی كە هەرێمی كوردستان دەتوانێ لە سووریا بیگێڕێت؟
سەرۆك بارزانی: هەرێم لە توانایدایە رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت، یەكخستنی هەڵوێستی كورد، هاندانی كورد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق، یارمەتیدانیان بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەرێم بەڵام زەروور نییە كە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە سووریاوە كۆپی بكرێت، هەر بەشێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ئێمە هەوڵدەدەین لە رووی ئابوورییەوە هاوكارییان بكەین. هیوا دەخوازین نە ئەوان و نە ئێمە ناچار نەبین كە پەنا بۆ بەكارهێنانی سەربازی ببەین.
كەناڵی شەمس: دەمەوێ پرسیارێكی راشكاوت لێ بكەم، لە حاڵەتێكدا ئەگەر كوردانی سوریا زوڵمیان لێ بكرێ و سەركوت بكرێن، ئایا كاك مەسعود ئامادەیە شەڕ بكات و پێشمەرگە شەڕ بكات لەگەڵ براكانیان لە سووریا؟
سەرۆك بارزانی: بە ڕاشكاوانە، هەر كورد نا، بەڵكوو هەر مرۆڤێك زوڵمی لێ بكرێت و ئێمە بتوانین یارمەتیی بدەین، بەبێ دوو دڵی یارمەتی دەدەین.
كەناڵی شەمس: هەستی ئەوەت هەیە كە دەكرێ دیسان كوردانی سووریا زوڵمیان لێ بكرێت؟
سەرۆك بارزانی: ترس هەیە، بەڵام هیوا دەخوازین كە ئەمە ڕوونەدات.
كەناڵی شەمس: ئایا وای دەبینیت كە ئەزموونی فیدڕاڵی لە عێراق كە لەبیرمە زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر، ئێوە پێداگر بوون لەسەر دەستوور بەوەی دەستوورێكی عێراقی هەبێت كە مافەكانی هەرێم بپارێزێت، هەست بەوە دەكەیت كە ئەو ئەزموونە لە عێراق دەكرێ بەسەر سووریاشدا جێبەجێ بكرێت و حكوومەتی مەركەزی و فیدڕاڵی هەبن؟
سەرۆك بارزانی: پێناسەی فیدراڵی بە لای ئێمەوە، یان بڵێم ئێمە بەم جۆرە لە فیدرالی تێدەگەین كە بریتییە لە دابەشكردنی سامان و دەسەڵاتە. فیدراڵی چارەسەرێكی گونجاو و سەركەوتووە بۆ ئەو وڵاتانەی كە نەتەوەی فرەیان تێدایە. سووریاش وڵاتێكی فرەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییە، بەپێچەوانەوە من پێموایە كە فیدڕاڵیەت چارەسەرێكی نموونەییە. بەڵام ئەگەر ئاستەنگ هەبوو یان باوەڕ بە فیدڕاڵیەت نەبوو، ئەمە شتێكی ترە. ناونیشان و شێوازەكەی بۆ ئەوان بەجێ دەهێڵدرێت.
كەناڵی شەمس: بەڵام تێگەیشتنێكی عەرەبی هەیە لەسەر ئەوەی فیدڕاڵیەت بە مانای دابەشكردنە بۆ چەند وڵاتێك؟
سەرۆك بارزانی: بەداخەوە ئەمە تێگەیشتنێكی هەڵەیە، ئێستا كە كێشەكان ڕۆژانە كەڵەكە دەبن، بەهۆی ئەم تێگەیشتنە هەڵەوەیە، تەنانەت لێرە لە عێراق.
كەناڵی شەمس: ئایا ئەمڕۆ كورد لە عێراق پاش ئەو پێشكەوتنە، ئایا بە شێوەیەكی جیاواز خەون دەبینن، ئایا لە لایەن كوردەكان خەونی جیابوونەوە گەڕاوەتەوە؟ پێشكەوتنەكان لەم رۆژانە لە بەرژەوەندیتانن.
سەرۆك بارزانی: ئێمە بە عەقڵانی هەڵسوكەوت دەكەین، بەبێ هەڵەشەیی و سوودوەرگرتن لە هەلێك كە نازاندرێت ئەنجامەكەی چۆن دەبێت. راستە پێشكەوتن هەیە، بەڵام بابەتی جیابوونەوە، ئەسڵەن بە وشەیەكی ئیستفزازی دەزانین، مافی چارەی خۆنووسین مافێكی شەرعییە و حەقێكی ئیلاهییە كە خوا داویەتی، گەلی كورد و میللەتی كوردیش ئەو مافەی هەیە، بەڵام كەی وەدی دێ؟ دەبێ لە بارودۆخێكی بە تێگەیشتن و ڕێككەوتن بێ لەگەڵ ئەو گەلانەی كە لەگەڵیاندا دەژین لە ناوچەكە. بەڵام ئەگەر نكۆڵی لەم مافەمان بكرێت، ئەمە زوڵمێكی گەورەیە و قەبووڵی ناكەین.
كەناڵی شەمس: بەڵام ئەم زوڵمە زیاتر لە سەد ساڵ بەردەوام بوو.
سەرۆك بارزانی: بەڵام ئەنجامی نەبوو، میللەتی كورد مایەوە و لەناو نەچوو و كۆتایی نەهات و كۆتاییشی نایەت. بۆیە كێشەكان بەردەوامن و دەبێ چارەسەرێك بدۆزینەوە. دواتر یەكێتییەكی ئارەزوومەندانە مومكینە، بەڵام ناتواندرێت هیچ دەوڵەتێك بە هێز وابكات ئەو گەلە یان بەشێك لەو گەلە پشتیوانی لەو حكوومەتە بكەن، بەهێز ناتواندرێت پشتیوانی بەدەست بێت و دڵی خەڵك بدەست بێت.
كەناڵی شەمس: هەست دەكەیت ئەمڕۆ كورد بەهێزترن؟
سەرۆك بارزانی: دۆزی كورد بەردەوام دۆزێكی رەوا و بەهێزە، بەڵام هەڵوێستی كورد هەندێكجار وادەكات ئەو دۆزە لاواز بێت یان بەهێز بێت.
كەناڵی شەمس: چۆن هەندێك كات هەڵسوكەوتی كورد، ئایا ئاماژە بە یەكڕیزیی كورد دەدەیت؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، بەداخێكی زۆر، هەندێك جار كورد پێویستییان بە دوژمنایەتی یان ركابەرایەتی نییە، هەڵسوكەوتەكانیان وادەكات زۆر هەلیان لەدەست بچێت، زۆرمان لەمەش بینی.
كەناڵی شەمس: ئەمڕۆ كوردانی سووریا بە یەكگرتوویی دەبینیت؟
سەرۆك بارزانی: نا یەكگرتوو نین، بەڵام كار لەسەر یەكگرتنیان دەكەین، هانیان دەدەین بۆ یەكگرتن لەسەر ئامانجێكی چاك و شەریفانە، ئامانجێك كە بەهۆیەوە بە مافەكانیان بگەن، بەبێ پەنابردن بۆ توندوتیژی و خوێنڕان و ئەمانە هەرگیز.
كەناڵی شەمس: كاك مەسعود پشتیوانی لە دامەزراندنی ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك لە سووریا دەكات؟ قسە لەسەر دروستكردنی ناوچەیەكی لەچەك داماڵراو دەكرێت، بە تایبەت لەسەر سنووری توركیا، بۆ دڵنیایی توركەكان، بەڵام ترس هەیە و گەرەنتی نییە.
سەرۆك بارزانی: هەر ڕێوشوێنێك كە ببێتە هۆی دڵنیایی لایەنە پەیوەندیدارەكان، ڕێوشوێنێكی باشە، تەنانەت ئەگەر دامەزراندنی ناوچەیەكی لەچەك داماڵراو بێت.
كەناڵی شەمس: بە شێوەیەكی گشتی گەشبینیت؟
سەرۆك بارزانی: گەشبینم بە حەزەرەوە، چونكە نابێ گەشبینی بەبێ حەزەر.
كەناڵی شەمس: لە نۆوەدەكان سەردانی قامیشلیت كرد، ئەوكات سەدان هەزار كوردی سووریا پێشوازییان لێكردیت، كوردەكانی سووریا نامەیان بۆ ناردووم و پێت دەڵێن كە قامیشلی بیرت دەكات، فەخامەتی سەرۆك ئێوە بیری قامیشلۆ دەكەن؟
سەرۆك بارزانی: قامیشلی لە دڵدایە. هیوا دەخوازم لە نزیكترین كاتی مومكین و لە هەلێكی گونجاودا سەردانی بكەم، منیش بیری قامیشلی و خەڵكی قامیشلی و هەموو برایانی كوردم لە سووریا كردووە.
كەناڵی شەمس: یەكێك لە هاوكارانمان بە ناوی هەمبەرڤان كوسە، كوردێكی سووریایە و پەنابەرێكی سیاسییە لە ئەڵمانیا، ڕووبەڕووی زوڵم بۆتەوە، تۆ بە ڕوونایی چاوم ناو دەبات، چۆن ئەم خۆشەویستییە بۆ مەسعود بارزانی لێك دەدەیتەوە؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا من ئەمە بە شەرەفێكی گەورە دەزانم كە گەنجانی كورد لە كوردستانی سووریا و هەر بەشێكی دیكە سەیر دەكەن، پێیان دەڵێم كە منیش هەمان هەست و خۆشەویستیم هەیە. ڕوونایی چاو و دڵم.
كەناڵی شەمس: هەست بەوە دەكەم كە گەشبینیت، حەزەریت، بەڵام ئەمڕۆ لۆمەی سوورییەكان ناكەم، نەك تەنیا كوردانی سووریا، سوورییەكان بە گشتی، ئەگەر هەست بە مەترسی بكەن، ئایا پێشبینیی داهاتووێكی قورس و درێژ دەكەیت وەك ئەوەی لە عێراق پاش رووخانی سەدام رووی دا؟ یانیش وای دەبینیت كە بارودۆخەكە بە خێرایی باش دەبێ؟
سەرۆك بارزانی: پێموایە كە سیستەمی نوێ لە سووریا دەتوانێت سوودمەند بێت بە شێوەیەكی گەورە لە ئەزموونی عێراق، دەبێ نەكەوێتە ئەو هەڵانەی كە عێراق تێی كەوت.
كەناڵی شەمس: ئەزموونی كورد لە عێراق ئاسان نەبوو، قورس بوو، ئێوە بڕیارتان لەسەر دەستوور دا، بەڵام زۆرجار پێشێلی ئەو دەستوورە دەكرێ.
سەرۆك بارزانی: كێشەكە لە نیەتدایە، ئەگەر نیەتەكە باش بێت، هیچ كێشەیەك نییە لە چارەسەر یاخی بێت، بەڵام ئەگەر نیەتەكە پاك نەبوو، هەزار دەستوور سوودی نییە، ئەمەیە كێشەكە.
كەناڵی شەمس: دەگەڕێینەوە سەر پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراق. بینیمان هەڵبژاردنێكی زۆر سەركەوتوو بەڕێوە چوو، پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی روون پێش كەوت كە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دەنگی هێنا و دەگەیشتە ملیۆنێك دەنگیش ئەگەر هەندێك دەنگ هەڵنەوەشێندرابایەوە.
سەرۆك بارزانی: راستە.
كەناڵی شەمس: ئایا پێشبینیی ئەو سەركەوتنە و ئەو دەنگەت دەكرد؟ ئەمە نوێكردنەوەی وەلائی كورد بوو بۆ سەرۆك بارزانی.
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا سەركەوتنەكە گەورەتر بوو لە پێشبینییەكەمان. ئێمە لە سەركەوتن دڵنیا بووین، بەڵام بەو قەبارەیە نا، بۆیە دەمەوێ سوپاسی گەلی كوردستان بكەم بۆ ئەو متمانە سەنگینە. هەڵبژاردنەكە لەژێر سەرپەرشتیی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە بەغدا بەڕێوە چوو، بەپێی زۆر یاسا كە دادگای فیدڕاڵی دەریكرد. لە زۆر باردا ئۆپۆزسیۆن بە زۆر ئامراز هەوڵی دا لە ڕێی بەغدا و دامەزراوەكانی بەغداوە هەوڵی دا كە كاریگەری لەسەر پارتی هەبێت و پارتی بوەستێنێ و شكستی پێ بێنێت، ئەمە ئامانجەكە بوو، بەڵام گەلی كورد هەموو ئەوانەی بێهیوا كرد و هەموو ئەو هەوڵانەی شكست پێهێنا. وێڕای هەموو ئەو پیلانگێڕییانەی كە هەبوون، پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا. بە كردەیی ئەگەر هەندێك كێشەی هونەری نەبوایە، پارتی زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دەنگی هێنا، لە كاتێكدا زیاتر لە ١٥٠ هەزار دەنگ سووتا. ئەگەر یەك بازنە بوایە، رەنگە كورسییەكانی پارتی لە جیاتی ٣٩ كورسی، زیاتر لە ٤٥ كورسی بوایە. ئەگەر هەڵبژاردن لەسەر ئاستی هەموو عێراق بكرێت و ئەگەر دەنگەكانی كەركووك و مووسڵ بكرێت، پێموایە پارتی زیاتر لە ملیۆنێك دەنگ دەهێنێت و دەبێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق.
كەناڵی شەمس: گوتتان ئەگەر پیلانگێڕی نەبوایە، كێ پیلانگێڕی دەكات؟
سەرۆك بارزانی: بەشێك لە دامەزراوەكانی بەغدا و بەشێك لەو ئۆپۆزسیۆنەی لە كوردستان هەیە.
كەناڵی شەمس: ئایا ئۆپۆزسیۆن پیلانگێڕی دەكات یان ئۆپۆزسیۆنێكی دیموكراسییە؟
سەرۆك بارزانی: ئۆپۆزسیۆنی دیموكراسی لەسەر سەرم، بەڵام پیلانگێڕی هەبوو، بەشداریكردن لە پیلانگێڕی هەبوو.
كەناڵی شەمس: چیان دەوێ لە پشت ئەو پیلانگێڕییانە؟
سەرۆك بارزانی: دەیانەوێ پارتی شكست پێ بهێنن، بیشكێنن، بچووكی بكەنەوە، دابەشی بكەن، قەبارەبەندی بكەن.
كەناڵی شەمس: ئەمڕۆ وەك دەگوترێ، ئەو هەڵبژاردنە نموونەییە لە جیهانی عەرەبیدا و ئەزموونێكی هاوشێوەی نییە.
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا من پێشبینیم نەدەكرد كە هەڵبژاردن بەو شێوەیە و بەو دۆخە ئەمنییە بڕوات، بەڵام بە سووك و ئاسانی بەڕێوە چوو، لەژێر سەرپەرشتیی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە بەغدا و چاودێرانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان.
كەناڵی شەمس: ئایا ئەم هەڵبژاردنە بەهۆی فشاری نێودەوڵەتی كرا فەخامەتی سەرۆك؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر هەرگیز، ئەم هەڵبژاردنە دوو ساڵ دواخرا، دەبوایە پێش دوو ساڵ ئەم هەڵبژاردنە بكرێ، پارتی نەبوو كە ئەم هەڵبژاردنەی دواخست، بەڵكو ئەوانەی كە خۆیان ناوناوە ئۆپۆزسیۆن و بەشێكیان لە حكوومەتدان و هاوبەشن لە حكوومەت، پێیەكیان لەگەڵ حكوومەتە و پێیەكیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنە، ئەوانە هەڵبژاردنیان دواخست. داوایان كرد دوابخرێت، تاوەكو دادگای فیدڕاڵییان لە بەغدا هێنا و دەستێوەردانی كرد و زۆر یاسای گۆڕی.
كەناڵی شەمس: بۆچی پێكهێنانی حكوومەت دواكەوتووە، مادام هەڵبژاردن ئەم ئەنجامەی بەدەست هێناوە، بۆچی پێكهێنانی حكوومەت دواكەوتووە؟
سەرۆك بارزانی: لایەنە براوەكان، لە سەرەتاوە ئێمە گوتوومانە كە ڤیتۆمان لەسەر كەس نییە، هەریەك دەتوانێت بەپێی شایستەی هەڵبژاردن بەشداریی لە حكوومەت بكات. ئەمە بنەمایەكە پێموایە كە وەدیهاتووە، ئەگینا بۆچی هەڵبژاردن دەكرێت؟ دەكرێ لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی نەرمی لە هەندێك پێگەی دیاریكراو بكرێ. ئێستا شاندێكی پارتی هەیە كە راسپێردراوە بۆ پەیوەندیكردن و دانوستاندن لەگەڵ هەموو لایەنەكان، دانوستان لەگەڵ هەموان كراوە. لە دوایین دیدارم لەگەڵ شاندەكە، هەنگاوێكی زۆر گەورەیان بڕیوە لەگەڵ شاندی یەكێتی، هیوا دەخوازین كە لە نزیكترین كاتی مومكیندا حكوومەت پێك بێت، بەڵام هەر لایەك هەوڵدەدات كە زۆرترین دەستكەوت بەدەست بهێنێت.
كەناڵی شەمس: ئایا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی تر كراوە، نەك هەر یەكێتی؟
سەرۆك بارزانی: لەگەڵ هەموو لایەنەكان، بەڵام بەشێك لە لایەنەكان لە سەرەتاوە بڕیاریان دا كە بەشداریی لە حكوومەت نەكەن، بەشێك لە لایەنەكان ئەسڵەن دانیان بە ئەنجامەكاندا نەنا و رەتیان كردەوە. بۆیە ئەوانەی بردیانەوە و ئامادەییان هەیە كە لە حكوومەت بن یان ئۆپۆزسیۆن بن لە پەرلەمان، بەبێ ئیستسنا، پەیوەندیی بە هەموویانەوە كرا و ڕێز لە بۆچوونەكانیان و هەڵوێستەكانیان دەگرین، لەگەلیاندا لێك تێدەگەین، بەڵام لە ئەنجامدا دەبێ حكوومەت پێك بێت و پێكیش دەهێندرێت ئینشائەڵا.
كەناڵی شەمس: شێوەی ئەو حكوومەتە چۆنە كە هیوای بۆ دەخوازیت؟
سەرۆك بارزانی: من هیوا دەخوازم كە هەموان بەشداریی لە حكوومەتدا بكەن، هەموو ئەو حزبانەی كە لە هەڵبژاردندا بردیانەوە. كوردستان گەورەیە و هەموان رۆڵەی ئەم وڵاتەن و هەمووی مافی لەم وڵاتە هەیە.
كەناڵی شەمس: كێ ڕێ لەوە دەگرێت؟
سەرۆك بارزانی: هیوا دەخوازم لێیان بپرسیت. ئەگەر هەلت بۆ ڕێككەوت لێیان بپرسە، چونكە من پێم سەیرە بۆچی نا؟
كەناڵی شەمس: ئایا ململانێ لەسەر دەسەڵاتە یان چۆن بەشدارینەكردنیان لێك دەدەیتەوە؟
سەرۆك بارزانی: پێش هەڵبژاردن هەموویان خۆیان ئامادەكردبوو كە دەست بەسەر دەسەڵات و هەموو شتێكدا بگرن، نازانم مافی پەنابەرییان بە پارتی دەدا یان نا؟ ئێمە تا دوایین چركە لەگەڵیان دەڕۆین و داوایان لێ دەكەین و ئێستاش داوایان لێ دەكەین كە بەشداریی لە حكوومەت بكەن. ئێستاش داوایان لێ دەكەم بەشداریی لە حكوومەت بكەن.