سەرۆک بــــــــــــــــــــارزانی: هەندێك لایەن هەن نیەتیان بەرامبەر بە كوردســـــــــــــــــــــتان و تەنانەت بەرامبەر بە عێراقیش خراپە

بەشی دووەم و کۆتایی

كەناڵی شەمس: ماوەیەكی زەمەنی هەیە كە حەز بكەیت ئەو لایەنانە پێیەوە پابەند بن؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ كات كراوە نییە، ناتواندرێت بەردەوام بێت، هەندێك دەڵێن تا ئەوكاتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكرێت پێش مانگی ١٠، مەحاڵە، ناتواندرێت ئەمە قەبووڵ بكرێت. بەڵام دەكرێ لە دوورترین حاڵەتدا دوو مانگ چاوەڕێ بكرێ.
كەناڵی شەمس: كاردانەوەی وڵاتانی بیانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چۆن بوو؟
سەرۆك بارزانی: هەموویان كاردانەوەیان زۆر ئەرێنی بوو و هەڵسەنگاندنێكی بەرزیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە كرد كە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو. هەرێمی كوردستان سەنگی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی وەرگرتەوە.
كەناڵی شەمس: بەڵام ئێستاش هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی ئاڵنگاری لەگەڵ بەغدا دەبێتەوە، پاش ئەوەی قسە لەسەر كێشەی مووچە، هەناردەكردنی نەوت لە كوردستان دەكەین، فەخامەتی سەرۆك، بە راشكاوییەكەت، كێشەی راستەقینە لەگەڵ بەغدا چییە؟
سەرۆك بارزانی: بەداخێكی زۆرەوە ئێستا یەك لایەن نییە كە بڕیار دەدات، فرە لایەن هەن. كێشەی راستەقینە نیەتە.
كەناڵی شەمس: كێن ئەو لایەنانەی كە بەردەوام وەك پردێكی ڕێگر دەوەستن تاوەكو بارودۆخەكە بۆ ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێتەوە؟
سەرۆك بارزانی: ئەو لایەنانەن كە شەقامێكیان لە باشووری عێراقەوە تاوەكو ناوەڕاستی عێراق بونیاد نەناوە، ئەوەی ڕێی لە دروستكردنی قوتابخانەیەك یان زانكۆیەك گرتووە، ئەوەی كە وەستاون لەبەردەم گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە لە عێراق.
كەناڵی شەمس: مەبەستت حزبە شیعییەكانە لە عێراق؟
سەرۆك بارزانی: تكایە وام لێ مەكە بچمە نێو وردەكاری، بەڵام هەندێك لایەن هەن كە نیەتیان بەرامبەر بە كوردستان و تەنانەت بەرامبەر بە عێراقیش خراپە، ئەگینا چۆن ئاوا هەڵسووكەوت دەكەن؟
كەناڵی شەمس: من بەردەوام گوێ لە سەرۆكی حكوومەت بەڕێز سوودانی دەگرم، دەزانم كە بەڕێزیشت ڕێزی دەگریت.
سەرۆك بارزانی: من ڕێزی دەگرم، بەڵام زۆر ئاستەنگ لە ڕێگەیدایە. ئەو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر زۆر بابەت رێككەوت، بەڵام نەیانهێشت ئەو ڕێككەوتنانە جێبەجێ بكات.
كەناڵی شەمس: واتە كێشەكە لە سەرۆك وەزیراندا نییە و كێشە لە لایەنەكانە؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر، لایەنەكانی دیكەیە.
كەناڵی شەمس: چۆن ئەم كێشانە چارەسەر دەبن؟
سەرۆك بارزانی: منیش دۆش داماوم كە چۆن چارەسەر دەبێت؟ نیەت، مرۆڤ هەندێكجار كاتێك راستیی شتەكانی بۆ دەردەكەوێ، نیەت و هەڵوێستی دەگۆڕێت، لە ماوەی ئەم ماوەیە هیوادارم ئەوانە سوود لە ئەزموون وەربگرن. هەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوەیە، رەنگە رووخساری نوێ و عەقڵی نوێ و خوێنی نوێ بێ كە نیەت خراپەكانی تێدا نەبێ، ئەوەیە هیوای بۆ دەخوازین.
كەناڵی شەمس: هەڵوێستێكی ئەرێنیتان هەبوو لە بابەتی گەڕاندنەوەی موڵكەكان، ئایا ئەمە سەرەتایەكە كە چاوەڕێتان دەكرد؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا ئەمە بابەتێكی زۆر گرنگ بوو، لە كاتی خۆیدا ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی ڕژێمی بەعس، دەستی بەسەر زەوییەكی فراوانی موڵكی كورد و توركماندا گرت، چەند هەوڵمان دا لە رابردوودا، بەردەوام پەنایان بۆ ئەو بڕیارانە دەبرد، تەبعەن دەبوایە پەرلەمان ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە بەردەوام ڕێژەی یاسایی تەواو نەدەبوو یان دژی دەبوون، تا گەیشتینە ئەوەی كە چەند ڕۆژ لەمەوبەر كرا، من پێموایە كە سەركەوتنی دادپەروەری و ویژدان بوو، بۆیە بە هەنگاوێكی زۆر باشی دادەنێم.
كەناڵی شەمس: ئایا پێتوایە كە شتێك هەبوو لە گەڕاندنەوەی ئەو موڵكانەدا؟
سەرۆك بارزانی: هەندێك دەزگای حكوومەت بیانوویان بەوە دەگرت كە یاسا هەیە و بەركارن، بەڵام ئێستا ئەو یاسایانە هەڵوەشانەوە، زەوییەكان بۆ خاوەنەكانیان گەڕانەوە، ئیتر بە چی پاساو دەگرن؟ دەبێتە داگیركردن و دەست بەسەرداگرتنێكی نایاسایی كە ئەمەش قەبووڵ ناكرێت.
كەناڵی شەمس: ئایا بەمە كێشەی زەوییە كێشەلەسەرەكان چارەسەر دەبێت؟ چی هانی پەرلەمانی دا كە ئەم بڕیارە گرنگە بدات؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر، ئەمە سەرەتایە، پێموایە كە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت. زانیاریم نییە كە چی وایكرد هانبدرێن و ئەو بڕیارە بدەن، دەگوترێ كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان رۆڵێكی نایابیان گێڕاوە، هەروەها پەرلەمانتارەكانیشیان، سوپاسیان دەكەین و سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەین كە نەرمی نواند و پشتیوانیی لە دەركردنی ئەو یاسایە كرد.
كەناڵی شەمس: ئایا ئەگەر بۆ چركەیەكیش بیرتان لە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی كردۆتەوە؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا زۆرجار بیرمان كردۆتەوە، بەڵام ئێمە خوازیاری پۆست نین لە بەغدا، سەركۆمار یان جێگری سەرۆك وەزیران یان وەزیرەكان، نەخێر، بابەتەكە نەتەوەیی و كەرامەتی گەلەكەمان و شەراكەتێكی ڕاستەقینەیە. وەزیرێكت هەبێت ئەگەر نەتوانێت نوێنەرایەتیی گەلەكەی بكات و گوێ لە قسەكانی نەگیرێت، تەنانەت لە پەرلەمان، ئەگەر فراكسیۆنی پارتی یان حزبەكانی تر، كاتێك لە پەرلەمان پەنا بۆ زۆرینە دەبەن، بە سروشتی ئێمە هەمیشە دەدۆڕێین، ژمارەمان ئەو ژمارەیە نییە كە ئێمە بۆچوونمان بسەپێنین. بەڵام ڕێككەوتنێكی بنەمایی هەیە لەسەر سێ بنەمای جێگیر، (شەراكەت و تەوازون و تەوافوق)، عێراق دەبێ بەپێی ئەو سێ بنەمایە فەرمانڕەوایی بكرێ و بەبێ ئەوانە، ئیدارە نادرێت. ئێمە شەراكەتێكی راستەقینەمان دەوێ و پاشكۆیەتی قەبووڵ ناكەین، مەحاڵە.
كەناڵی شەمس: كاتێك بیر لە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی دەكەنەوە، ئەوە مانۆڕێكی سیاسی نییە؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر هەرگیز، كاتێك دەگەین بە بڕوایەكی تەواو و رەشبینی بەوەی كە ئەو بنەمایانە كۆتاییان هاتووە، پێویست ناكات بۆچی بەشدار بین لە حكوومەتێك كە بۆچوونت تێیدا نییە و دەسەڵاتت نییە و ناتوانیت زیاد بكەیت و كەمی بكەیتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی وەزیرت هەیە، پێویست ناكات بمێنیتەوە و نابێ ببیت بە شایەدی ساختە.
كەناڵی شەمس: بەڵام كشانەوە لەوانەیە ببێتەوە هۆی شەڕكردن سەرلەنوێ؟
سەرۆك بارزانی: نا نەخێر نابێتە هۆی شەڕ هەرگیز، مەرج نییە.
كەناڵی شەمس: ترست لە عێراق هەبوو لە ئیسرائیل؟ پاش ئەوەی كە ڕووی دا، ڕوون بوو بەوەی كە ئەمجارە وەك ناتانیاهۆ گوتی، دەیەوێ رووخساری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت، لە لوبنانی دا و لە سووریای دا و هەڕەشەی لە عێراق كرد، چۆن هەستت كرد؟ ئایا عێراق لە مەترسیدایە؟
سەرۆك بارزانی: پێموایە كە ئێستا تاڕادەیەك مەترسی لە عێراق دوور كەوتۆتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە مەترسی هەیە، ئەگەر بۆ نموونە گرووپە چەكدارەكان ئۆپەراسیۆنی سەربازییان كرد یان مووشەكیان ئاراستەی ئیسرائیل یان هەر شتێكی لەم شێوەیان كرد، پێموایە كە مەترسییەكە زۆر راستەقینە و جددی دەبێت و لە ڕێی كەناڵە فەرمییەكانیشەوە و لە ڕێگەی وڵاتەكانەوە هەڕەشەی جددیی ئیسرائیل و تەنانەت ئەمریكاش بە عێراق گەیشتووە، بەوەی ئەگەر مووشەكگرتنە ئیسرائیل نەوەستێت، ئەوا ئیسرائیل لێدەدات. ئەوەمان لە بەغدا بیست، لە وەزیری دەرەوە و سەرۆك وەزیران.
كەناڵی شەمس: فەخامەتی سەرۆك پێتوایە كێشە لە عێراق وەك كێشەی لوبنان، میلیشیا هەن كە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و لە دەرەوەی چوارچێوەی سوپای فەرمین، بەرە لەسەر حیسابی خۆی دەكاتەوە و دڵەڕاوكێ لە ناوچە دروست دەكات. لەم رۆژانە بیستم كە بۆچوونی چارەسەرێك كراوە بەوەی حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزە فەرمییەكانی عێراق لێك بدرێن، ئایا بەمە ئامۆژگارییان دەكەیت؟ ئایا ئامۆژگاری ئەوەیان دەكەیت كە ئەو میلیشیایانە نەهێڵدرێن؟
سەرۆك بارزانی: بە هەر سیغەیەك بێت كە ئەو گرووپە چەكدارانە بیخوازن، بەڵام دەبێ لەژێر بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بن و دەستێوەردان لە سیاسەت نەكەن.
كەناڵی شەمس: بەڵام ئەوان دەستێوەردان دەكەن و سیاسەت دروست دەكەن؟
سەرۆك بارزانی: بەم شێوەیە بەردەوام مەترسی لەسەر عێراق دەبێت. هێزی چەكدار، تەنانەت سوپا نابێ دەستێوەردان لە سیاسەت بكات، چۆن گرووپێك كە نەناسراوە ئەمە بكات؟
كەناڵی شەمس: فەخامەتی سەرۆك گوێبیستی بنەمای ئاشتی دەبین لەگەڵ ئیسرائیل، ڕێككەوتنی ئەبراهام هەیە، ئایا وای دەبینیت كە كاتەكە گونجاوە بۆ گەڕان بەدوای پرۆژەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ عێراق؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە ئەنجامی شەڕمان بینی لە ساڵی ١٩٤٨ەوە تا دەگاتە ٧ی ئۆكتۆبەر، جگە لە وێرانكاری و خوێنڕژان، ئەنجامەكەی چی بوو؟ بابەتەكە ئەوە نییە كە تۆ دەخوازیت یان بۆچوونەكەت دەگونجێ یان ناكۆكە لەگەڵ ئەم لایەن یان ئەو لایەن، بەڵام ئاشتی بریتییە لە ڕێگە و چارەسەرە راستەكە.
كەناڵی شەمس: پاش ئەوەی بینیت لە غەززە.
سەرۆك بارزانی: كارەساتە، ئایا ئەو كارەساتە بەردەوام دەبێت یان دەبێ ڕابگیرێت. هیوادارم ئەو ئاگربەستە بەردەوام بێ و ئاشتی رێی خۆی بگرێت.

كەناڵی شەمس: هەرێمی كوردستان دەتوانێت چ ڕۆڵێك لەم پرۆسەیەدا ببینێت؟ ئایا هەرێم دەتوانێت رۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت؟
سەرۆك بارزانی: پێموانیە، خەڵكی لەپێشتر لە ئێمە هەیە، وڵاتان هەن، خەڵك هەن نزیكترن و توانا و بارودۆخیان و بوارەكەیان، ئەگەر هەرێم بتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانە، هەرێم دوودڵ نابێ، بەڵام پێموانییە كە هەرێم لە پێگەیەك بێت كە بتوانێت ڕۆڵ لەم بوارەدا بگێڕێت.
كەناڵی شەمس: پێتوایە هەژموونی ئێران لە ناوچەكە پاشەكشەی كردووە؟ لە عێراق؟
سەرۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە ئەوە ڕوونە. لە عێراق گۆڕانكاری رووی نەداوە، بەڵام لە لوبنان و سووریا، ڕووخانی ڕژێم لە سووریا لێدانێك بوو لە ئێران بە دڵنیاییەوە، هەروەها حزبوڵاش.
كەناڵی شەمس: ئەمڕۆ لەگەڵ گەیشتنی ترەمپ بۆ دەسەڵات، ئایا ئاسۆیەك بۆ ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە دەبینیت یان پێتوایە كە ئێران لەسەر هەلوێستی توندی دەمێنێتەوە؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا ئێرانییەكان زیرەكن، هیوا دەخوازم كە لە ئەنجامدا چارەسەرێكی ئاشتییانە و سیاسی بۆ هەموو ئەو كێشانە هەبێت. بەڵام پێموایە كە دۆخ و پەیوەندی لەگەڵ ئێران یان چارەسەرێكی سیاسی دەبێت، یان بارگرژییەكی مەترسیدار دەبێت، مومكین نییە كە دۆخەكە لە نێوان چارەسەر و چارەسەرنەبوون بێت وەك ئەوەی لە سەردەمی رابردووی ئیدارەی ئەمریكا هەبوو.
كەناڵی شەمس: شێوەی پەیوەندیی نموونەیی نێوان عێراق و ئێران چۆن دەبینیت؟ چونكە عێراق لەسەر سنووری ئێرانە، دەبێ پەیوەندیی داهاتوو چۆن بێت؟
سەرۆك بارزانی: پەیوەندی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندیی ئاڵوگۆڕكراو بێت و هیچ یەكێكیان دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئەوەی تر نەكات، ئێران دراوسێیەكە كە زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ عێراق هەیە و رەنگە زیاتریش بێت، مێژوو و زۆر هاوبەشی هەیە، ئێران دەوڵەتێكی گرنگی هەرێمەكەیە، بەڵام پەیوەندییەكە دەبێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی موتەبادل بێت.
كەناڵی شەمس: بەڕێزت چاوت بە سەرۆكی ئێران كەوت لە سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، چۆن بوو ئەو دیدارە؟
سەرۆك بارزانی: وەڵاهی دیدارێكی نایاب بوو، سەرۆكی ئێران بە زمانی كوردی قسەی دەكرد وەك ئەوەی زمانی دایك بێت، فعلەن دایكیشی كوردە، كەسێكی باش و زۆر هاندەر بوو بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكان و چاككردنەوەی ئەو هەڵسوكەوتانەی رابردوو. دیدارێكی نایاب بوو. بە زمانی كوردی قسەمان كرد، هەردووكمان لە یەك شار لە دایكبووین كە مەهابادە، هەردووكمان هەمان ناویشمان هەیە كە مەسعودە.
كەناڵی شەمس: ئەمڕۆ یادەوەریی دامەزراندنی كۆماری كوردستانە لە مەهاباد پێش ٧٩ ساڵ، وەك دەڵێیت سەرۆكی ئێران و بەڕێزت هەردووكتان مەسعودن و لە مەهاباد لە دایكبوون، ئایا هەست بەوە دەكەن كە گۆڕانكاری لە پەیوەندی لەگەڵ كورد هەیە؟
سەرۆك بارزانی: هاتنی سەرۆكی تازە مەسعود پزیشكیان، پێموایە هەلێكی زۆر باشە بۆ باشكردنی پەیوەندی لەگەڵ كورد. كورد لە ئێران و بەشەكانی دیكەش، بەڵام بەدیاریكراوی لە ئێران.
كەناڵی شەمس: پێتوایە كورد لە ئێران بەرەو رۆژانێكی باشتر دەڕۆن، چونكە لە رابردوو وەك سووریا، زۆر زوڵم لە كوردان كراوە لە ئێران، چۆن ئاییندەی كورد لە ئێران دەبینیت؟
سەرۆك بارزانی: وەڵامی من باوەڕم وایە و گومانم نییە كە لە داهاتوودا میللەتی كورد بە مافی خۆی دەگات، بەڵام بابەتەكە كات و زەمەنە، بەڵام دەبێ لە هەموو كاتێكدا كورد دژی پەنابردنە بەر توندوتیژی و چەك بێت، لە هەر بارودۆخێكدا.
كەناڵی شەمس: ئەمڕۆ تەنانەت پەكەكە دەڵێ كە دەستی بەوە كردووە بە جددی پەنا بۆ سیاسەت ببات.
سەرۆك بارزانی: ئەگەر بیەوێ بمێنێتەوە، ئەگەر بیەوێ رۆڵی لە داهاتوودا هەبێ، دەبێ دەست لە شەڕكردن هەڵبگرێ و وازی لێ بێنێت، چونكە شەڕ بەردەوام ناكۆكییەكان قووڵ دەكاتەوە و كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات، ئەگەر كەسێك ناچار بوو بەرگری لە خۆی بكات، ئەوە مەسەلەیەكی دیكەیە.
كەناڵی شەمس: ئەمڕۆ وا دەبیندرێت كە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا سەقامگیرە و پێدەچێ بەرەو باشی چووبێت، پێشتر لە دوایین دیدارم لەگەڵت دۆخەكە زۆر لە دڵەڕاوكێدا بوو لەگەڵ توركیا.
سەرۆك بارزانی: تۆ كێشەیەكی گەورەت خولقاند.

كەناڵی شەمس: ئەو كێشەیەت لەبیرماوە، چۆن وەسفی ئەم پێشكەوتنە لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكەیت لەمڕۆدا؟
سەرۆك بارزانی: پەیوەندییەكە باشە و هیوا دەخوازین كە بتوانین ئەو پەیوەندییە لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ناوچەكەدا بەكار بهێنین بە شێوەیەكی گشتی.
كەناڵی شەمس: ئایا هەرێم دەتوانێت ئەمڕۆ ڕۆڵ بگێڕێت لە نێوان سوریا و توركیا؟
سەرۆك بارزانی: مومكینە.
كەناڵی شەمس: پێموایە لە میانی ئەزموونی دوورودرێژتان لەگەڵ توركیا، توانیتان بگەنە ئەوەی كە توركەكان دان بە مافی كورد لە ژیانێكی بەكەرامەت و ئازاددا بنێن؟
سەرۆك بارزانی: دیداری فەرمی و لە چاوپێكەوتن و لێدوانەكانی راگەیاندنیش، چ سەرۆك ئەردۆگان یان بەرپرسانی تورك، بە تایبەتی لەم ماوەیەی دوایی، بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە كە كورد و تورك بران، برایەتیی كورد و توركیا، ئەمە شتێكی نوێیە بۆ توركیا، پێشتر ئەمە بە كوفر دادەنرا ئەگەر كەسێك ئەم قسانەی بكردایە، سەرۆكی حزبێك كە پێشتر شێت دەبوو كاتێك ناوی كوردستانی دەبیست، ئێستا ئەو بەو زمانە نوێیە قسە دەكات، ئەمە لە راستیدا پێشكەوتنێكی گەورەیە. هەموان دەڵێن ئێمە كێشەمان لەگەڵ گەلی كوردستان نییە و كێشە لەگەڵ پەكەكەیە كە چەكی هەڵگرتووە و هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی دەكات. دەبێ ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێ، پەكەكە ناتوانێت حكوومەتی توركیا بڕووخێنێت، لە هەموو بارێكدا لەوانەیە بتوانن بە چەند گرووپێكی لەیەك جیا بمێننەوە و چەك هەڵبگرن و لە شوێنێك بۆسە دابنێنەوە و لە شوێنێك تەقە بكەن، بەڵام ئەمە هیچ ئەنجامێكی لێ ناكەوێتەوە هەرگیز، جگە لە خوێنڕژانی زیاتر، بۆیە دەبێ بەدوای چارەسەری ئاشتییانەدا بگەڕێین، سەردەمی ئەو شەڕانە كۆتایی هاتووە.
كەناڵی شەمس: چۆن ئەم هزرەی توركیا بەرامبەر بە كورد پێشكەوت؟ ئایا ئەمە بۆ كەسایەتیی ئەردۆگان دەگەڕێتەوە یان سیاسەتێكی گشتییە؟ چۆن ئەم هەڵوێستە لەوپەڕی نەرێنییەوە بۆ ئەو ئەرێنییە گۆڕا كە ئێستا دەیبینین؟
سەرۆك بارزانی: من یەكەمجار كە چاوم بە ئەردۆگان كەوت لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەوكاتەی سەرۆك وەزیران بوو، لەو دیدارەدا جەختی لەوە كردەوە كە دەیەوێ چارەسەری دۆزی كورد بكات و باوەڕی بە شەڕ نییە و باوەڕی بەوە نییە كە دەڵێ نابێ گەلی كورد بوونی هەبێت، ئەمە ئەوە بوو كە لە ساڵی ٢٠٠٩ لێیم بیست.
تەبعەن زۆر فاكتەر هەبوو كە ڕۆڵی گێڕا، یەكەمیان ئەوەیە كە شەڕ و جەنگ ئەنجامی نەبوو، نە پەكەكە كۆتایی هات، نە پەكەكە توانی شتێك وەدەست بهێنێت، رەنگە ئەو پێشكەوتنەی جیهان و ناوچەكە هەمووی دۆخێك یان باوەڕێكی لە لای بەرپرسانی توركیا دروست كردبێت كە فعلەن لە ڕێگەی برایەتی و هاریكاری، ئەوەیە كە دەتواندرێت وڵاتەكەی پێ بونیاد بنرێت و سەقامگیریی لە وڵاتەكەدا مسۆگەر بكرێت، ئەوەش باشە.
كەناڵی شەمس: پێتوایە كورد توانیویەتی ببێتە ژمارەیەكی قورس لە ناوچەكە كە ناتواندرێت پشتگوێ بخرێت؟
سەرۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە.
كەناڵی شەمس: تۆ بەم پێشكەوتنەی ئەمڕۆ ئاسوودەیت؟ لە دڵەڕاوكێدا نیت بۆ دۆزی كورد؟
سەرۆك بارزانی: تەبعەن ئاسوودەم، تەحەدیاتی زۆر هەیە، ڕێگەكە قیڕ نەكراوە و بە گوڵیش فەرش نەكراوە، بەڵام پێشكەوتنێكی ئەرێنیی گەورە هەیە، دۆزی میللەتێك دۆزێكی رەوایە و هەر دەبێت لە ئەنجامدا بگاتە كۆتاییەكی مۆفەق و خواستراو ئینشائەڵا.
كەناڵی شەمس: فەخامەتی سەرۆك، گەیشتنەوەی تازەی ترەمپ بۆ حوكم چی دەگەیەنێت؟
سەرۆك بارزانی: بۆ ئێمە و هەموان سەردەمێكی نوێیە لە ئەمریكا.
كەناڵی شەمس: لەبارەی قسەكانی ترەمپەوە، گوێت لە گوتارەكەی بوو؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، سەیرم كرد.
كەناڵی شەمس: كۆمەڵێك بڕیار هەیە، بڕیاری ئابووری و هەندێك بڕیاری مەعنەوی هەیە، دەگوترێ ئەمریكا و سیاسەتی ئەمڕۆ دەگۆڕێت، گوتیشی تەنیا دوو ڕەگەز هەیە، نێر و مێ؟
سەرۆك بارزانی: من پیرۆزبایی لە سەرۆك ترەمپ دەكەم بۆ ئەو هەڵوێستە شەرەفمەندانەیە. من مرۆڤێكی باوەڕدارم، باوەڕم بە خوا هەیە. ترەمپ گەڕایەوە بۆ ئەوەی كە خوا لەبارەی مرۆڤ دایناوە، فعلەن نێر و مێ، بۆیە من پیرۆزبایی لێ دەكەم بۆ ئەو هەڵوێستە شەرەفمەندانەیە.
كەناڵی شەمس: ئێوە پێشتر ئەزموونتان لەگەڵ ترەمپ هەبوو؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ لە ساڵی ٢٠١٦ تاوەكو ٢٠٢٠، لە راستیدا ئەزموونێكی سەركەوتوو نەبوو، ئەو نوێبوو، پێدەچوو زانیاریی زۆری لەسەر كورد و ناوچەكە نەبێت. بەشێك لەوانەی دۆسیەی عێراق و كوردستانیان وەرگرتبوو، لە باڵوێزخانەكەیان و بەشی سەربازی و نوێنەرەكەیان، هەموویان لایەنگر بوون لە دژی كورد بە شێوەیەكی سەیر، ئەمە رێكەوتێكی سەیر بوو.
كەناڵی شەمس: بەڵام مادام باسی ترەمپ دەكەین، باسی داعش دەكەین، كورد شەڕی داعشی كرد و بارزانییەكان یەكەمین شەهیدیان پێشكەش كرد، هەست بەوە دەكەیت كە هێشتا مەترسیی داعش هەیە؟ چونكە لەبیرمە كە ئەوكات باست لەوە كرد كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا یارمەتیی زۆری كوردیان داوە لە ئاسمانەوە تاوەكو لە شەڕەكاندا سەربكەون؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، كاتێك شەڕ لەگەڵ داعش دەستی پێكرد، پشتیوانیی ئاسمانیی ئەمریكی و هاوپەیمانان، بەڵام ئەمریكا بە پلەی سەرەكی، رۆڵێكی زۆر گەورەی لە ڕاگرتنی داعش هەبوو و بە شێوەیەكی زۆر گەورە یارمەتیی پێشمەرگەی دا لە وەدیهێنانی سەركەوتن. داعش تا ئێستا هەڕەشەیەكی جددییە، بە تایبەتیش پاش ئەو گۆڕانكارییەی سووریا، هەڕەشەی داعش بووە دوو ئەوەندە لە عێراقیش.
كەناڵی شەمس: ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیاری یەكەم لەبارەی شەرع، چونكە هەموو ئەوەی دەیبیستین ئەوەیە كە ئەحمەد شەرع ئینتیمای بۆ ئەو گرووپانە هەبوو، لێرەوە دڵەڕاوكێیەكە دێت بەوەی كە داعش سەرلەنوێ گەشە بكاتەوە.
سەرۆك بارزانی: ئەوە راستە بەڵام مرۆڤ دەگۆڕێت، هەموو مرۆڤێك نا، بەڵام كەسانێك هەن دەگۆڕێن. ڕەنگە شەرع بە زۆر قۆناغدا تێپەڕیبێت و زۆری لە ژیانی خۆیدا بینیبێت، رەنگە سوودی لە ئەزموون و دەرس وەرگرتبێت.
كەناڵی شەمس: ئەگەر داعش گەڕایەوە، ئایا پێشمەرگە بۆ سەرلەنوێ شەڕكردن ئامادەیە؟
سەرۆك بارزانی: ئامادەین و زیاتریش ئامادەین.
كەناڵی شەمس: پاش دووركەوتنەوەیەكی زۆر لە هەولێر، گەڕامەوە بینیم ماشائەڵا پێشكەوتنێكی بیناكاریی گەورە و ژیان باشترە و خەڵكی لە دڵنیایی و سەقامگیریدا دەژین، بە سرووشتی كاتێك گەلێك هەست بەو دڵنیایی و سەقامگیرییە دەكات، لە شەڕ و بیروبۆچوونی شەڕ دوور دەكەوێتەوە، پاش ئەو پێشكەوتنە گەورەیە لە هەولێر، ئایا خەڵك هێشتا بە فعلی ئامادەن بۆ شەڕ؟
سەرۆك بارزانی: كاتێك بابەتەكە پەیوەندیدارە بە بوونی گەلێك و كەرامەتەكەی، سەدان هەزار گەنج ئامادەن بمرن لەپێناو بەرگریی لەو دەستكەوتە و كەرامەتی گەلەكەیان.
كەناڵی شەمس: فەخامەتتان چوونە بەرەی شەڕ لە رۆژانی داعش، ئایا هێشتا ئامادەی بۆ ئەوە ئەگەر بابەتەكە خواستی؟
سەرۆك بارزانی: ئینشائەڵا ڕووبەڕووی ئەمە نابینەوە، بەڵام تا ئەو كاتەی بتوانم بڕۆم، من ئامادەم.
كەناڵی شەمس: پێش پرسیاری كۆتاییم، چی بە ترەمپ دەڵێی ئەمڕۆ؟ ئەمڕۆ هەست بەوە دەكەین كە ترەمپ گۆڕاوە، وای لێهاتووە زۆرتر زانیاری لەبارەی كاروباری ناوچەكە هەیە، ئەگەر لەگەڵیدا دابنیشیت، پەیامت چییە و چی لێ داوا دەكەیت؟
سەرۆك بارزانی: یەكەمین شت هیوا دەخوازم و داوای لێ دەكەم كە كار بكات لەسەر جێگیركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە، هاوكاریی گەلانی چەوسێنراو بكات.
كەناڵی شەمس: مانای وایە كە بەڕێزت پشتیوانیی كشانەوەی تەواوەتیی ئەمریكا لە ناوچەكە ناكەیت؟
سەرۆك بارزانی: بە هەموو راشكاوییەك، من دژی ئەو موزایەدانەم لە راستیدا، تەنانەت لە ٢٠١١ش، ئەگەر ئەمریكییەكان بمانایەوە و نەكشابانایەوە، داعش نەیدەتوانی نیوەی عێراق داگیر بكات، ئێستاش ئەگەر بكشێنەوە سیناریۆكە دووبارە دەبێتەوە و رەنگە بە شێوەیەكی خراپتر، ئیتر ئەم موزایەدانە چییە؟ بەڵام بمێننەوە بەپێی ڕێككەوتن بێت، هەر لایەك ئەركی خۆی بزانێت. بەڵام بوونیان زەروورە.
كەناڵی شەمس: پرسیاری كۆتاییم فەخامەتی سەرۆك، چاوپێكەوتن لەگەڵت بێزاركەر نییە. كوردانی توركیا، كوردانی سووریا، كوردانی عێراق و ئێران، ئەگەر پەیامێكیان ئاراستە بكەیت، چیە ئەوەی كە دەبێ كوردەكان بیخوازن و چین ئەوانەی كە دەبێ كورد وازی لێ بهێنن؟
سەرۆك بارزانی: یەكەمیان ئەوە بزانن كە ئەوان دۆزێكی دادپەروەرانە و پیرۆزیان هەیە و دەبێ دەستبەرداری دۆزەكەیان نەبن، بەڵام نابێ پەنا بۆ توندوتیژی ببەن لەپێناو بەرگریكردن لەو دۆزە، دەبێ پەنا بۆ ئامرازی شارستانی و دایەلۆگ و باوەڕپێهێنان و راوێژكردن ببەن، بەڵام نابێ دەستبەرداری دۆزەكەیان ببن.
كەناڵی شەمس: لە كۆتاییدا، بەردەوام باس لە یەكڕیزی و یەكگرتوویی كورد دەكەیت، ئەوە چۆن دەبینیت كە لە قۆناغی داهاتوودا كورد یەك بگرن؟
سەرۆك بارزانی: زۆر ئاستەنگ هەن، بەڵام لە ئەنجامدا هەر دەبێت یەك بگرن، ئێستا یان دواتر.
كەناڵی شەمس: بەڕێزت لەمبارەیەوە بە دیاریكراوی، گەشبینیت یان ناكۆكییەكان قووڵبوونەتەوە؟
سەرۆك بارزانی: من باوەڕم هەیە، بەڵام دەزانم كە ئاڵۆزی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم هەیە و كار بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە دەكەم بە هەموو ئەو هێزەی هەمە.
كەناڵی شەمس: فەخامەتی سەرۆك سوپاس بۆ تۆ، دیدارێكی سەرنجڕاكێش بوو وەك هەمیشە، دەخوازین دیداری زیاترمان لەگەڵت هەبێت، ئەمڕۆ دەزانم كە قسەكەت قورسایی هەیە لە لایەن كوردان لە ناوچەكە و بە عەرابی راستەقینەی ئەو دۆزەت دەزانن. دیسان سوپاس و بە هیوای دیدارێكی تازە.
سەرۆك بارزانی: سوپاس بۆ ئێوە.