بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی لە كەركووك، كە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بڵاوی كردەوە: “سەرجەم کارگێڕیی قوتابخانەکانی خوێندی کوردی ئاگادار دەکەینەوە، کە دەست لەکار هەڵگرتن بکەن بۆ ئەو فەرمانبەرانەی، کە لەدایکبووی ساڵی 1962 و 1963 و 1964ن، لە ڕێکەوتی 31ی12ی2024.”
ئاماژە بەوەش كراوە: “هەروەها دەستلەکارهەڵگرتن بۆ ئەو فەرمانبەرانە بكرێت، کە لەدایکبووی ساڵی 1965ن، بەپێی رۆژ و مانگی لەدایکبوونیان.”
سەبارەت بە مامۆستایان ئەوە خراوەتە ڕوو: “سەبارەت بە مامۆستایان، چاوەڕێ بکەن تاوەکوو ئاگادارتان دەکەینەوە، چونكە چاوەڕێی گشتاندنی وەزارەتی پەروەردە دەکەین.”
رۆژی 22/1/2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گشتاندنێکی بۆ گشت وەزارەتەکان دەرکرد، کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵی كەم كراوەتەوە.