دکتۆر دەشتی دزەیی کۆچی دوایی کرد

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، د. دەشتی دزەیی کۆچی دوایی کرد.

شەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2025، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرسە نامەیەکی ئاراستەی خانەوادەی پڕۆفیسۆر (د. دەشتی دزەیی) پزیشکی پسپۆڕی پێشەنگ و دێرین و مامۆستا و زانای پزیشکی و کەسایەتیی شاری هەولێر کرد و ڕایگەیاند، بەداخەوە بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

ئاماژەی بەوەش داوە “د. دەشتی دزەیی پزیشکێکی پێشڕەوی بواری پزیشکیی کوردستان و دڵسۆز و بەوەفا و خۆشەویستی هاووڵاتیان بوو، خزمەتی زۆری مرۆڤدۆستی و هەژاران و هاووڵاتیان و چارەسەری نەخۆشی و بواری ئەکادیمی وفێرکردنی چەندین نەوەی پزیشکی کردووە.

هەروەها ڕۆڵی گرنگ و مێژوویی هەبووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، بەردەوام بەڕێکوپێکی و بێ ماندووبوون خزمەتی زۆری هاووڵاتیانی کردووە  و چەندین مامۆستا و پزیشکی پێ گەیاندووە.