مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك – گەرمیانی پارتی: بڕیارەکەی دادگای کارگێڕی پیشێلکردنی یاسایە

پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی لەسەر بڕیاری دادگای کارگێری عێراق دەربارەی ڕەتکردنەوەی تانەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیاری دادگای کارگێڕیی عێراقی ژمارە (118/2025) لە بەرواری 22/1/2025، بەڕەتكردنەوەی تانەكان لە ڕێکارەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پارێزگاری کەرکووک لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بەشێك لە ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە، فەسڵێكی دیكە لە خراپ سوودوەرگرتن لە پێگەی دادگاكان لەپرۆسەی دیموكراسی و دەستوریی عێراقدا پێك دێنێت، بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی تایبەتی ئەم یان ئەو لایەنە سیاسیە، هەروەها بێ گوێدانە پیرۆزیی وەزیفەی دادگا و بەرژەوەندیی گشتی و هەستیاری بارودۆخی سیاسی لە عێراقدا.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم بڕیارە پێشێلکاریەکی ڕوونی بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی دەستور و یاسا پێکدەهێنێت، هەروەها پێشێلکردنی ئەو ڕێکارە یاساییانەیە کە گەرەنتیی شەفافیەت و بەشداریکردنی کاریگەرانە لە پڕۆسەی دیموکراسیدا دەکەن. ئەوە سەرەڕای ئەوەی پەراوێزخستنی ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەن لە بەشداری كردن لەبڕیاردان لەچارەنووسی پۆستە گرنگ و هەستیارەكانی پارێزگاكەیان، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی ڕوونە بۆ پەراوێزخستنی بەشێك لە پێکهاتەکانی پارێزگاکە و سەپاندنی ئیرادەی سیاسی تاکلایەنە و سەرپێچیەكی زەقی (بڕگەی چوارەم لە ماددەی 35) یاسای هەڵبژاردنەكان ژمارە 12 ساڵی 2018 هەمواركراو و ماددەكانی یاسای پارێزگاكانی لە هەرێمێكدا ڕێكنەخراون ژمارە 21 ساڵی 2008 هەمواركراوە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوو، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم بڕیارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانین کە هەڕەشە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی کەرکووک دەکات، هەروەها دەبینین كە گورزێكی توند لە متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دادوەرییەکان دەدات و هەستی نادادپەروەری و جیاکاری بەهێز دەکات، ئەمەش مامەڵەی جددی و بەرپرسانەی هەموو لایەکی دەوێت.

ڕاشیگەیاندووە،  کەرکووک مۆدێلی فرەچەشنی نەتەوەیی و ئاینییە، هەر ڕێوشوێنێک بە پشتگوێخستنی شەراکەتی ڕاستەقینەی نێوان هەموو پێکهاتەکانی و بەبێ ڕێزگرتن لە چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکان بگیرێتە بەر، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکەدا. لەم سۆنگەیەوە، داوا لە دامەزراوە قەزاییە پەیوەندارەكان دەكەین، كە دەرفەتی چاوخشاندنەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە لەدەست نەدەن، هەروەها یاسا و دادپەروەری جێبەجێ بكەن، و ئەو هەڵوێستە چەوتە ڕاست بكەنەوە.  بەرپرسیارێتی خۆیان لە دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵکی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بگرنە ئەستۆ، بۆ مسۆگەركردنی پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور کە مافی یەکسان بۆ هەمووان دەستەبەر دەکات.

لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک داكۆكیكاری شەراکەتی نیشتمانی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە، درێغی ناکات لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی پارێزگای كەركووك بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و بەشداریی و شەراكەتی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان لە ژیانی كەركووكیەكان بەبێ دەستوەردانی نایاساییانە و پێشێلكردنی بنەماكانی دەستوور، بۆیە بەئەركی خۆمانی دەزانین كە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی ناڕەزایەتیەكان لەبەرامبەر ئەو بڕیارە و پشتگیری تەواوی سەرجەم ڕێكارە یاسایی و دەستورییەكان بكەین لەپێناو ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی لە ئیرادەی دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكرێت.