سەرۆك بارزانی و وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد

پێنجشەممە 23ـی كانوونی دووەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە تۆبیاس لیندنەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و ڕێكخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ كاروباری سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لەدیدارەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و سووریا کرد، هەروەها مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و ڕۆڵی لایەنە كوردییەكانی سووریا لە ئاییندەی ئەو وڵاتە و پێویستیی پاراستنی سەقامگیری و پشتبەستن بە شێوازی ئاشتیانە و دیالۆگی نێوان لایەنەكانیش تاوتوێ کرا، پەیوەست بە ئایندەی كورد لە سووریا، سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی خەبات و نەهامەتیەكانی گەلی كورد لە سووریا، جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لایەنە كوردییەكانی سووریا پێكەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بە ئاشتی و دیالۆگ گرفتەكان چارە بكەن، هەروەها سیستەمی سیاسیی نوێی سووریا تێگەیشتنی بۆ بارودۆخی گەلی كورد و داواكاری و ماف و تایبەتمەندیی گەلی كورد هەبێت.

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پڕۆسەی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و پێكهێنانیكابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم ئاڵوگۆڕ كرا و وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بەڕێوەچوونی ئارامی هەڵبژاردن و ڕێژەی بەرزی بەشداریی هاووڵاتیانی هەرێم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو بە سەركەوتوو و نموونەیی وەسف كرد.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و ئەڵمانیا كرایەوە و سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەڵمانیای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون. شاندی میوانیش ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند، كە ئەڵمانیا پشتیوانی گەلی كوردستانە و لە هەموو بارودۆخێكدا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا لە هەماهەنگیدا دەبێت.