شاخەوان عەبدوڵلا چیرۆکی گەڕاندنەوەی زەویی جووتیاران و سکاڵای سەرکردەیەکی شیعە لەلای سەرۆک بارزانی دەگێڕێتەوە

شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند ، پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس، بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ بوو، کە هەر لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، سەرکردایەتی سیاسیی کورد هەوڵی داوە، بەلام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

شاخەوان عەبدوڵلا گوتیشی ، “11 ساڵە کار لەسەر ئەو کەیسە دەکەم، هەروەها لە ساڵی 2019 بە فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکانمان لەو پرۆژە یاسایە ئاگەدار کردەوە، کە دووساڵی خایاند و هیچ ئەنجامی نەبوو.”

باسی لەوەش کرد، “لەم خولەی پەرلەمان کە دەستبەکاربووم، ئەو پرۆژە یاسایە یەکێک بوو لە بەرنامەی کارەکانمان، هەروەها لە پێکهێنانی کابینەی حکوومەتیش، بووە بەشێک لە ڕێککەوتنی سیاسیی و جێگیرمان کرد کە دەبێت زەوییەکان بگەڕێندرێنەوە، ئەوەش لە هەموو حکوومەتەکان بووەتە نووسراو و جێبەجێ نەکراوە.”

جێگری سەرپکی پەرلەمان دەشڵێت: لەساڵی 2023ەوە پرۆژەکەم خستە بەرنامەی کار، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، سەرۆکی پەرلەمانی لەکار لادراو گوتی ئەو بابەتە بۆ ئێمە قورسە، چونکە ئەوە زەوی عەرەبە، ڕاستە تۆ دەڵێیت ئەوانە زەوی کوردن بەڵام ئیستا بەناوی عەرەبە، بۆیە ئەگەر ڕەزامەندی بدەم بۆ من قورسە.”

گوتیشی: “کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، دواتر بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاساکە، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوکات لەوێ نەبوو، دواتر ئەو پرۆژە یاسایانەی بەلای عەرەب و شیعە و سوننەوە گرنگ بوو، منیش ئەو پرۆژە یاسایەم لەگەڵی دادەنا، کە دام دەنا خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرا، بەڵام کە هاتە سەر دەنگدان چوار مانگە من پەرلەمانم ڕاگرتووە، چونکە کە لەخشتەی دانیشتنی پەرلەمان دام دەنا و ئەوانیش ئەو بڕگەیان لا دەبرد، منیش ڕێگریم لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان دەکرد و ڤیتۆی خۆم وەکو سەرۆکایەتی بەکار دەهێنا.”

شاخەوان عەبدوڵلا جەختیشیکردەوە، “کە دەستمان بە دانووستان کرد عەرەبەکان گوتیان هیچ هەمووارێک لەسەر ئەو بابەتە قبوڵ ناکەین، منیش بە دەرفەتم زانی و مەبەستیشم بوو خانەقین و مەندەلی بخەمە پرۆژە یاساکە.”

ڕاشیگەیاند، “شیعەکان پرۆژە یاسای باری کەسێتییان هێنا و سوونەکانیش لێبووردنی گشتی، کە هەردوو پرۆژەکە بەلایانەوە گرنگ بوو، بۆیە هەوڵیان دەدا بە جیا پرۆژەکان پەسەند بکرێت، بەو هۆیەوە خۆرە چەقبەستوویەک دروست بوو.”

شاخەوان عەبدوڵلا باسی لە پەیوەندییەکی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی: “سەرکردەیەکی باڵای شیعە پەیوەندی بە سەرۆک بارزانیەوە کردبوو و پیی گوتبوو، شاخەوان کارەکانی پەرلەمانی ڕاگرتووە، هەروەها پرۆژەی باری کەسێتیمان هەیە هەمووان لەسەر ڕازی بوون، تەنیا شاخەوان ڕایگرتووە، بۆیە سەرۆک بارزانی پێی گوتم سکاڵایەکی وا هەیە بۆچی کاری پەرلەمانت ڕاگرتووە؟ منیش گوتم جەنابی سەرۆک دۆسیەیەک هەیە کە بابەتی گەڕاندەوەی زەوییەکانمان لەگەڵ پرۆژەکانی ئەوان داناوە و کردوومانەتە یەک پاکێج، چونکە ئێمە شارەزایانین، ئەگەر پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی پەسەند بکرێت، سوونە ڕێگە نادات زەویەکان بۆ ئێمە بگەڕێندرێتەوە، بەڵام ئەوەندە پرۆژەکەیان لەلا گرنگە، ڕەنگە قوربانی بە عەرەبی کەرکووک بدەن لە پێناو زەوییەکان.”

بە سەرۆک بارزانیم گوت: “بابەتەکی دیکە باری کەسێتییە، ئەگەر شیعەمان لەگەڵ نەبێت (نیساب) ڕێژەی یاسایی تەواو نابێت، لە وەڵامدا سەرۆک بارزانی گوتی، نەک ئەو سەرکردە، مادەم ئەو بابەتەت دانوە بەردەوام بە لەسەری، ئەگەر زەوییەکانیان تێنەپەڕاند مەهێڵە هیچی تێبپەڕێت، ئەوە دەسەڵات و سەڵاحیەتیی منە بۆ تو.”