حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش: حکوومەتی عێراق ھاوکار نییە لە پرۆسەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی

 

 

بەپێی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، تا ئێستا سێ ھەزار و پێنج سەد و ھەشتا و چوار کەس ڕزگار کراون، دوو ھەزار و ھەشت سەد و سی و سێ کچ و ژنی دیکەش ماون ڕزگار بکرێن. بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، دەڵێت: حکوومەتی عێراق ھاوکار نییە بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی.

ڕێکخراوی داعش لە ئابی ٢٠١٤دا، ھێرشی کردە سەر شنگال و ھەزاران ئێزدی لە ھەردوو ڕەگەز جینۆساید و زیندە بەچاڵکرد و بەشێکیشیانی بۆ سووریا ڕفاند، ئەو کەسانەی لە دەستی داعش ڕزگار بوونە، خۆشحاڵن و سوپاسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش و حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ ئەوەی بەردەوام کاریان کردووە بۆ ڕزگارکردنی ئەوان.
پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ٣ی ئابی ھەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ناساندووە، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوا دەکات حکوومەتی عێراق چارەنووسی ونبووان یەکلابکاتەوە، کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو بکاتەوە و ئاوارەکانیش بگەڕێنێتەوە.
نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییەکان دەکات، یارمەتییان بدەن بە پێدانی ھەر زانیارییەک لەسەر ڕفێندراوانی ئێزدی لە ھەر شوێنێک بن.
تا ئێستا زیاتر لە حەفتا گۆڕی بە کۆمەڵ ھەڵدراونەتەوە، سەرەڕای ھەڵدانەوەی دەیان گۆڕی تاکە کەسی، ژمارەی مەزارگە و نزرگە ئاینییە تەقێندراوەکان لە لایەن داعشەوە، شەست و ھەشت مەزارگەنە و ژمارەی ئەو ھاووڵاتییانەی کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، نەوەد ھەزار ھاووڵاتی دەبن.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەپێی ڕێنمایەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەتا یەک کەسی ئێزدی لە دەست داعش مابێت بەدواداچوون بەردەوام دەبێت بۆ ڕزگارکردنیان، نووسینگەی ڕزگاکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی لە ھەموو شوێنەکان بەدواداچوون دەکات، لە ھەر شوێنێک بزانێت کەسێک ماوە لە دەست داعش، یان لە شوێنێکی دیکەیە دەگەڕێنێتەوە ناو کەسوکارەکەی.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، دەشڵێ: ئەو کەسانەی کە تا ئێستا لە دەستی داعش ڕزگار کراون، گەیشتوونەتە سێ ھەزار و پێنج سەد و ھەشتا و چوار کەس، ھێشتا چارەنووسی دوو ھەزار و ھەشت سەد و سی و سێ کەسیش دیار نییە.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، گوتیشی: حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکاری ئێمەی نەکردووە و خۆی لەو بابەتە نەکردووەتە خاوەن، ئەمە لە کاتێکدایە پێویست بوو حکوومەتی ناوەند ھەموو ھەوڵێکی دابایە بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی، بەڵام ئێزدییەکان بە خەڵکی خۆی نازانێت، ھەر لەبەر ئەوەیە ھاوکاری ئێمە ناکات بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی، ھەتا ھاوکار نییە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا، چونکە ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ کرابایە، ئێستا ڕەوشی شنگال ئاسایی دەبوویەوە و خەڵکەکە دەگەڕایەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەستیان بە ژیانێکی نوێ دەکرد، ئەوەش زیاتر کارەکانی ئێمەی ئاسانتر دەکرد.