کۆبوونەوەی پەرلەمان هەڵگیرا و سەرۆکی کاتیش دەستبەرداری پۆستەکەی بوو

بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ڕەهای ئامادەبووان، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان هەڵگیرا؛ سەرۆکی کاتیش دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.

بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ڕەهای ئامادەبووان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-01-2025ـی پەرلەمانی کوردستان هەڵگیرا؛ چونکە تەنها 26 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

لاوەند جەلال، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، گوتی: “سەرۆکی کاتیی پەرلەمان دەیزانی بەبێ ڕێککەوتنی سیاسی ناتواندرێت دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت، بەڵام نەوەی نوێ کە ئاگاداری هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتە؛ دەیویست تۆپەکە بخاتە لای پارتی و یەکێتی.”

دوای هەڵگرتنی کۆبوونەوەکە، محەممەد سلێمان، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەک ناڕازەیەتییەک لە بەرانبەر هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، دەستبەرداری پۆستە کاتییەکەی بوو.

بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانیش، ئەگەر بەتەمەنترین پەرلەمانتار بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی کاتیی پەرلەمان بوو، دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتیی دانیشتنەکان دەکات تاوەکوو دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت. بەم پێیەش، لەم خۆلەی پەرلەماندا؛ ئازاد محەممەد ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی دەبێتە سەرۆکی کاتیی پەرلەمان.

ڕۆژی سێشەممە، 21-01-2025، محەممەد سلێمان، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان لە یاداشتێکدا داوای لە پەرلەمانتاران کرد، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-01-2025، لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە ببن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

بە گوێرەی زانیارییەکان تاوەکوو ئێستە هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەکراوە.

دووشەممە، 02-12-2024، یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز، سروودی نیشتمانی و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان؛ دەستی پێ کرد و بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولە، محەممەد سلێمان، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، سەرۆکایەتی کرد.

هەر چەندە بڕیار بوو لە یەکەمین کۆبوونەوەدا، دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ڕەهای ئامادەبووان، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا.