هەفتەی داهاتوو بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت

بەسەرپەرشتی دکتۆر فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵ کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کراو و هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوکات داواکاریەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کەساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا .
هەردوولا ڕێكکەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت کەتیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت. هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بن و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی ٢٠٢٥.
هاوکات شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بەهاوبەشی داکۆکی لەماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق بکرێت.