وەزیری سامانە سروشتییەكان رایدەگەیەنێت، گرنگە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بكرێتەوە و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان بدرێت.
بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حکوومەتی هەرێمی كوردسان، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، پێشوازیی لە ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
جێگری سەرۆکی کونسوڵی گشتیی و بەرپرسی بەشی بازرگانی و کاروباری وزە لە کونسوڵخانەی تورکیا و بریکار و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی سامانە سروشتییەکان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
وەزیری سامانە سروشتییەکان، جەختی لەسەر گرنگیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان کردەوە و رایگەیاند: “وێڕای هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکان، دەنگدان لەسەر هەموارکردنەوەی بودجەکە هەنگاوێکی باشە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.”
ئاماژە بەوەش كراوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کەرتی کارەبا؛ وەزیری کارەبا، بوونی کۆمپانیاکانی تورکیا و لێهاتووییان لە بونیاتنانی ژێرخانی کارەبای هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند.
بەپێێ راگەیانراوەكە، کونسوڵی گشتیی تورکیا ئامادەیی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی بۆ وبەرهێنان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی کارەبا خستەڕوو