لە داڤۆس، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی شانشینی بەحرەین جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی شانیشینی بەحرەین کۆبووەوە کە لە شازادە عیسا بن سەلمان ئال خەلیفە ، شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە وەزیری دارایی و ئابووری نیشتمانی و عەبدوڵلا عادل فەخرۆ وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و شێخ سەلمان ئەحمەد ئال خەلیفە سەرۆکی دیوانی جێنشینی بەحرەین پێکهاتبوو.
شاندەکە سڵاو و ڕێزی شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە شای بەحرەین و هەروەها جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئامادەیی شانشینی بەحرەینیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشاندا.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی شانشینی بەحرەینی کرد، بەتایبەتی شا حەمەد و خواستی بەهێزترکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەی دووپات کردەوە.
هەر لەبارەی ئەم دیدارەدا، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی “ئەمڕۆ لە #WEF25 لەگەڵ شاندێکی شانشینی بەحرەین کۆبوومەوە، کە پێکهاتبوو شازادە عیسا بن سەلمان ئال خەلیفە، شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە وەزیری دارایی و ئابووری نیشتمانی و عەبدوڵڵا عادل فەخرۆ وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و شێخ سەلمان ئەحمەد ئال خەلیفە سەرۆکی دیوانی جێنشینی بەحرەین”.