دەستەی گەشتوگوزار: دەبێت سەدا 75ی کرێکاری نێوخۆیی لە پرۆژە گەشتیارییەکاندا هەبن

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بەکارخستنی ڕێژەی %75ی کرێکاری نێوخۆیی لە پڕۆژە گەشتییارییەکان جێبەجێ دەکرێت.

سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند “ئێمە کار بە ڕێنماییەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە ئەویش خستنە گەڕی دەستی کاری ناوخۆیی بە ڕێژەی %75 لە تەواوی کەرتەکانە، بە کەرتی گەشتیاریشەوە.”

ئەو گوتەبێژە دەڵێت: “ئێمە لای خۆمانەوە بەشێوەیەکی کرداری دەستمان پێ کردووە، بەڵام ژماره‌یه‌كى دیاریكراو بۆ سوودمه‌ندبووانى ده‌ستى كارى ناوخۆ كه‌ له‌ پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كاندا،  له‌بەرده‌ستدا نییه، ئه‌ویش به‌هۆى نوێكردنه‌وه‌ى مۆڵه‌ت و ده‌رهێنانى مۆڵه‌تى نوێی کۆمپانیا، بەڵام چەند ڕێنماییەکیان پێ دەدرێت دەبێت پێوەی پابەند بن.”

ئیبراهیم عەبدولمەجید دەشڵێت: “ئێمە ڕژدین لەسەر جێبەجێ کردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ جێبەجێ کردنی ڕێنماییەکان، ئامانجیشمان دواجار ئەوەیە ڕێژەی %75ـی کرێکاری ناوخۆیی لە شوێنی گەشتیاری بەگەڕ بخرێن.”

بڕیاریەکەی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، له‌ ژێر ناوى به‌كارخستنى ده‌ستى كارى ناوخۆیی له‌سه‌ر پڕۆژه‌كان له‌ ساڵى 2023 ده‌رچووه‌.