دووشەممە، 30-12-2024، شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “گفتوگۆکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوامە.”
بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق “هەفتەی ڕابردوو بڕیار درا ئەمڕۆ دووشەممە، 30-12-2024، تەواوکاری مووچەی مانگی 11ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.”
لەبارەی مووچەی مانگی 12ـش، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: “تاوەکوو ئێستە مووچەی مانگی 12ـی هەموو دامودەزگاکانی عێراقیش نەدراوە (نەک تەنها هەرێمی کوردستان) و کێشەی سیوولەی نەقدی هەیە.”
ڕۆژی یەکشەممە، 22-12-2024، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی تەکنیکی وەزارەت سەردانی بەغدایان کرد و لیستی مووچەی مانگی 12ـیان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 17-12-2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 کرا، بەڵام لەبەر ئەوەی تاوەکوو ئێستە وەزارەتی دارایی عێراق تەواوی مووچەی مانگی 11ـی نەناردووە، مووچەکە بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمدا دابەش نەکراوە.