ئەنەکەسە: یه‌كهه‌ڵوێستی كوردی بژاری سه‌ره‌كی و ستراتیجیمانه‌

ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردی سووریا له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هه‌ندێك له‌ لاپه‌ڕه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یامنێرانی ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن زانیاریی هه‌ڵه‌ له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ تایبه‌ت به‌ دیالۆگی كوردی – كورد بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.

شه‌ممه‌، 28ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردی سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه‌، هه‌ندێك له‌ لاپه‌ڕه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یامنێرانی ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن زانیاریی هه‌ڵه‌ له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ تایبه‌ت به‌ دیالۆگی كوردی – كوردی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ پێویستیان زانی له‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌دا جه‌خت بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌یان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، نالۆژیكییه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی ڕاسته‌قینه‌یان نییه‌.

سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردی سووریا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، یه‌كهه‌ڵوێستی كوردی بژاری سه‌ره‌كی و ستراتیجییانه‌ و كار ده‌كه‌ن له‌ پێناو به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ی له‌گه‌ڵ مافه‌كانی گه‌لی كورد و پرسی نه‌ته‌وه‌یی یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تی و پێشهاته‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ی له‌ دوای كه‌وتنی ڕژێمی ئه‌سه‌د له‌ سووریا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نه‌كه‌سه‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كاری ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌یان له‌ پێناو یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی كورد پێچه‌وانه‌ی ئه‌رك و كاره‌كانیان نییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا و له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هێزه‌ نیشتمانییه‌كانی دیكه‌ی سووریا.

سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردی سووریا به‌ پێویستیشی زانیوه‌ ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن و په‌یجه‌كان له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ زانیارییه‌كان بكه‌ن و بۆ وه‌رگرتنی هه‌ر زانیارییه‌ك له‌م باره‌وه‌، ورد بن و لێدوان له‌ گوته‌بێژه‌كه‌یان وه‌ربگرن و خۆیان به‌ دوور بگرن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیاریی هه‌ڵه‌ كه‌ ئامانج لێیان شێواندن و ناوزڕاندنه‌.