11مین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوە چوو

بە بەشداریی سەدان کەسی نێوخۆی و بیانی، یازدەیەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوە چوو.

ئەمڕۆ هەینی، 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەبدولستار یوونس، سەرۆکی ڕێکخراوی ئەربیل ماراسۆن لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 ڕایگەیاند، ئەوە یازدەیەمین ماڕاسۆنی نێودەوڵەتیە لە هەولێر دەکرێت، دەیان وەرزشوان و ئارەزوومەند و پاڵەوانانی عێراق لە هەموو شارەکانەوە ئارەزووی “ماراسۆن” ڕاکردنی بە کۆمەڵ دەکەن و ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ بەشداریی کردن، مەبەستیش لە ڕاکردنەکە هۆشیاری هاووڵاتیانە بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگەی شاری هەولێر.

گوتیشی: “ڕاکردنەکە بە درێژای 21 کیلۆمەترە، ئەو شەقامەی ئاماژەی پێ کراوە، تەنیا دەرەوەی پارکی سامی عەبدولڕەحمانە و 500 کەس بەشدارییان کردووە، بە چاودێری 50 ناوبژیوان.”

ڕاشیگەیاند، پێنج کەس لە براوەکان خەڵاتی “نەختینە” واتا پارە وەردەگرن و ئەوانی دیکەش مەدالیایان پێ دەدرێت.

ساڵانە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم ماڕاسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەبەشداری هەزاران ڕاکەری نێوخۆی و بیانی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، ماڕاسۆنەکە دواخرا بۆ مانگی کانوونی یەکەم.