راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ بەبۆنەی هاتنی جەژنەکانی سەری ساڵ و هاتنی ساڵی نوێ، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبونی فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان و فەریق سیهاد بارزانی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک و جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە و راوێژکارانی باڵای وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ راب براندستێتەر فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ گیڤن رایس بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر و تیمی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان، لەشاری هەولێر ئێوارە خوانێکی بۆ راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەهەرێمی کوردستان ڕێکخست.
لەسەرەتادا، سەرۆکی ئەرکان وتەیەکی پێشکەش کردو تیایدا هاتنی ساڵی تازە و ئاهەنگەکانی سەری ساڵی لە راوێژکارانی هاوپەیمانان پیرۆزکرد و هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی هاوپەیمانان کرد لە پاڵپشتیکردنی هێزی پێشمەرگە و گوتی: کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و پێشینەی کارکردنمان بۆ یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە بە هاوکاری و پاڵپشتی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی، ئێمە وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامانجی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە و لەباربردنی تیرۆر، سەرۆکی ئەرکان راشیگەیاند: کە هاوپەیمانان بەشێکی گرنگن لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، لەکۆتایی وتەکەیدا سەرۆکی ئەرکان هیوای هاتنی ساڵێکی خۆش و پر شادی بۆ هاوپەیمانان و تەواوی هێزی پێشمەرگە خواست و دووپاتیکردەوەو: کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت و هاوکار دەبین بۆ بەڕەوپێشبردنی پڕۆسەی چاکسازی و گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی کە یەکگرتنەوەی تەواوی هێزەکانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە.