لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە ئافرەتێكی سیحرباز دەستگیر كرا كە هەڵسابوو بە ئەنجامدانی سیحر و جادوو و فاڵگرتنەوە و لەم ڕێگەیەوە چەندان كەسی هەڵخەڵەتاندبوو.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: تۆمەتبارێکی ئافرەتمان بە ناوی (ک. ا. م) لەدایکبووی (1987) دەستگیر کرد، کە هەڵسابوو بە ئەنجامدانی سیحر و جادوو و فاڵگرتنەوە و چەندین کاری تری نەشیاو و لەم رێگەیەوە بە سەدان کەسی هەڵخەڵەتاندبوو.
راشیگەیاند: تۆمەتبارەكە کە دانیشتووی شاری هەولێرە، لەپێناو بەرژەوەندیی ماددی ئەو کارانەی کردووە، بەبێ گوێدانە لایەنی کۆمەڵایەتی و تێکدانی شیرازەی خێزان.
هەروەها رایگەیاند: تۆمەتبارەكە پارەکانیشی زیاتر لە ڕێگای کارتی بانکییەوە لە هاووڵاتییان وەرگرتووە.
پۆلیسی هەولێر جەختیشی كردەوە “ئەم کارانە لە ڕووی یاساییەوە قەدەغەکراون و هەر کەسێک کاری لەمشێوەیە ئەنجام بدات، ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، بۆیە داواکارین هاووڵاتییان خۆیان لەمجۆرە کارانە بەدوور بگرن”.