هەولێر.. بەردی بناغەی پرۆژەیەكی ئاوەڕۆ بە گوژمەی 6 ملیار دینار لە شەقامی كەركووك تا كەندی قەتەوی دانرا

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەردی بناغەی گەورە پرۆژەیەكی ئاوەڕۆ بە گوژمەی 6 ملیار دینار لە شەقامی كەركووك تا كەندی قەتەوی جێبەجێ دەکرێت.

سێشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “بەمەبەستی كەمكردنەوەی مەترسییەكانی لافاو و باشتركردنی سیستەمی ئاوەڕۆ، بەردی بناغەی گەورە پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە شەقامی كەركووك لە نزیك شوقەكانی شەهیدان لە گردەڕەشە تا كەندی قەتەوی لە هەولێر، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە گوژمەی شەش ملیار و 192 ملیۆن دینار، جێبەجێ دەکرێت.”

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت: “جێبەجێکردنی پرۆژەکە 450 ڕۆژی بۆ دیاری كراوە كە بە قەبارەی جیاواز جێبەجێ دەكرێت و مەمنهۆڵ و كەناڵی كراوەشی تێدایە.”

سەبارەت بە بەردەوامیی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت، ساسان عەونی دەڵێت: “لەژێر ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەكانی حكوومەت بەردەوام دەبن و لە هەر شوێنێك كە پێویست بە خزمەتگوزاری و كاری زیاتر هەبێت، سەرەڕای ئەو بارە نائاساییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەڕووی داراییەوە تێیدایە، بەڵام پرۆژە و خزمەتكردنی هاووڵاتییان بەردەوامن.”