ڕائیب جادر – هەولێر
دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان لەم وەرزەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە بەفر دەبارێت. سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، دەڵێت: ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەی گەشتیاران زیادی کردووە و کار لەسەر جێبەجێکردنی پلانی ھەشت ساڵە دەکرێت. دەشڵێ: سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشخستنی کەرتی گەشتیارییە.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لەم وەرزەدا چەندین چالاکی ئەنجام دەدەین بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە بەفر دەبارێت، بۆ نموونە لە چیای کۆڕەک فیستیڤاڵی بەفر ئەنجام دەدرێت، ئەوەش بە بەشداری گرووپی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، چەند چالاکییەکی سەرکێشی ئەنجام دەدرێت وەکو خلیسکانی سەر بەفر و پاڕاماتۆر، ھەروەھا لە چیای حەسەن بەگ پێشبڕکێی ماتۆڕسواری سەر بەفر دەکرێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە زیاتر سەرنجی گەشتیاران لە وەرزی زستان بۆ ھەرێمی کوردستان ڕابکێشین.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، ڕاگەیاند، کەرتی گەشتوگوزار لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەشەی کردووە و پلانی ھەشت ساڵەی گەشتوگوزار خراوەتە بواری جێبەجێکردن، کار لەسەر ئەو پلانە دەکەین و لە ھەموو ڕوویەکەوە کار بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری دەکەین، لەبەردەم سەرۆکی حکوومەت و ئەنجوومەنی وەزیرانیش گوتوومە ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکاربن لەگەڵ دەستە، پلانی گەشتوگوزار وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت، چونکە لە پلانەکە تەنیا دەستە بەشدار نییە، ھەندێ لایەنی دیکەی حکوومەتیش بەشدارن.
سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، ئاشکرای کرد: بەپێی پلانی ھەشت ساڵەی گەشتوگوزار ساڵ بۆ ساڵ ڕێژەی ھاتنی گەشتیار زیادی کردووە، ئەمساڵ ھێشتا ئامارەکەمان ئاشکرا نەکردووە، بڕیارە دوای سەری ساڵ ڕابگەیەندرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ژمارەی گەشتیار لە ساڵی ڕابردوو زیاترە، تا ساڵی ٢٠٣٠ کار لەسەر ئەو پلانە دەکرێت.
ئەمەل جەلال، ئەوەیشی خستەڕوو، ئێستا ھەرێمی کوردستان خاوەن یاسای گەشتوگوزارە و نەخشەی گەشتیاری ھەیە، ژمارەی پڕۆژە گەشتیارییەکان زیادی کردووە و بەردەوامیش کار بۆ بەھەمەجۆرکردنی کەرتی گەشتیاری دەکەین، سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پێشخستنی کەرتی گەشتیارییە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەو ئاستەی ئێمە خوازیارین.