ڕائیب جادر – هەولێر
قایمقامی قەزای ڕواندز، ڕایگەیاند، ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە بواری ڕێگەوبان، ئاو، کارەبا و کەرتەکانی دیکە لە سنووری ڕواندز جێبەجێ کراون. دەشڵێ: وێستگەیەکی ١٣٢ کەیفی بۆ ڕواندز دادەنرێت بەوەش کێشەی کەمی کارەبا لە ناوچەکە چارە دەبێت.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەپێی ئەو توانا دارایانەی حکوومەتی ھەرێم و بەپێی ئەو بودجەی لە پەرەپێدان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەپێی ڕێژەی دانیشتووان دیاری دەکرێت، پڕۆژەکان دیاری دەکەین بۆ ئەوەی بەگوێرەی ئەو بودجەی کە بەپێی ڕێژەی دانیشتووانان دادەنرێت، پڕۆژەکانمان بگونجێنین، ھەوڵدەدەین کەموکورتییەکان لەڕووی ڕێگەوبان، ئاو، کارەبا و کەرتەکانی دیکە قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ بکەین، بەپێی ئەو بودجەی کە دانراوە بۆ قەزای ڕواندز پڕۆژەکان جێبەجێ کراون، ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەمان خستەبواری جێبەجێ کردنەوە، وەکو ڕێگەوبانی گشتی، ڕێگەوبانی گوندەکان، چاککردنی کۆڵانەکانی سەنتەری قەزا، لەڕووی کارەبا ئەو شوێنانەی کە کێشەیان ھەیە، پڕۆژەی ئاوی دۆلی ئاکۆیان قۆناغی یەکەمی جێبەجێ کراوە، بۆ قوناغی دووەمیش پارە ئامادەیە و لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت، بەوەش کێشەی کەمی ئاو لە دۆڵی ئاکۆیان چارە دەبێت، لە ھەر گوندێکیش کێشەی کەمی ئاو ھەبێت چارە دەکەین.
قایمقامی قەزای ڕواندز، گوتیشی: لە ساڵی داھاتوو پلانمان ھەیە ئەو شوێنانەی لەڕووی ڕێگەوبان، بەتایبەتی ڕێگەوبانی گوندەکان کە کێشەیان ھەیە کاری لەسەر بکەین، لە سەنتەری قەزاش ڕێگەوبانی کۆڵانەکان چاک دەکەین.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز، جەختی لەوەکردەوە، ڕواندز وێستگەیەکی موبایلی ٢٥ مێگاواتی ھەیە، ئەوەش بەشی قەزای ڕواندز ناکات، باری یەکجار زۆرە، بۆیە لە ئێستادا تەنزیمی فیدەرەکان دەکەین، بە بەستنەوەی فیدەر بە فیدەرێکی دیکە، بۆ ئەوەی بتوانین بەلانس لە نێوان فیدەرەکان ڕابگرین، وەزیری کارەباش گوژمەیەک پارەی تەرخان کردووە بۆ ھاوسەنگی کردنی فیدەرەکان دەتوانین بڵێین گرفتەکان کەم دەبنەوە، بەڵام پێویستە بەشێوەیەکی ستراتیژی چارەسەری ئەو بابەتە بکرێت، بۆیە لە پلانی وەزارەتی کارەبادایە لە دوای بەدواداچوون لە پلانیان داناوە بۆ ئەوەی وێستگەیەکی ١٣٢ کەیفی بۆ ڕواندز دابنرێت بۆ ئەوەی کێشەی کەمی کارەبا لە ناوچەکە چارە بکات.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز، ئاشکراشی کرد: بەپێی ئەو گوژمەی بۆ یاریگەی بانەزێوک تەرخان کراوە پڕۆژەکە لە کۆتا قۆناغدایە، بۆیە ئومێدەوارین لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بێت و بکەوێتەوە خزمەت وەرزشوانان، ڕەنگە لە داھاتوودا پێویستی بە بودجەی زیاتر بێت، کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی یانەی وەرزشی ڕواندز سوودی لێ ببینێت.