بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دوو ناوچەی سەرکردایەتی دادەمەزرێن

لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتیی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خرانە بەر باس و بڕیارە دوو ناوچەی سەرکردایەتی بۆ ئەو مەبەستە دابمەزرێنن.

لە کۆبوونەوەكەدا كە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی هێزەکانی 70 و 80 و فەرماندەی فیرقەکانی 2 و 4ی پیادە و کۆڵۆنێڵ براندستێتەر بەرپرسی تیمی راوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری تێیدا ئامادەبوون،
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ و بریاردان بوو لەبارەی پرۆژەیەکی ئامادەکراو بۆ دامەزراندنی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی کە لە 11 فیرقەی سەربازی پێکهاتوون لەژێر سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستبەکار دەبن.

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: دوو ناوچەیی سەرکردایەتی دادەمەزرێنین بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەژێر سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا کاروبارەکانیان رێک دەخەنەوە و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە دامەزراندنی ژێرخانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، هەمووان هاوڕابوون کە ئەم ژێرخانە پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لە بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانی یەکگرتووی کوردستانی کە پارێزگاری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکات لە هەر مەترسییەک کە لە ئێستا و ئایندەدا رووبەروومان دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا: بە دەستەکاربوونی هەردوو ناوچەی سەرکردایەتی یەک و دوو کە بەشێکی زۆری هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزەکانی (70 و 80)ی پێشمەرگەی کوردستانی تێدا رێک دەخرێتەوە، لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێگیر دەبن لە سەرەتای ساڵی 2025.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا بە کۆی دەنگی هەمووان رەزامەندی درا لەسەر بنیاتنانی بنەماکانی یەکەیەکی یەکگرتووی ژمێریاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.