بنەسڵاوە.. ئەمساڵ بە گوژمەی 5 ملیار و 141 ملیۆن دینار ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ كراون

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ بە گوژمەی 5 ملیار و 141 ملیۆن دینار ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بنەسڵاوە جێبەجێ كراون

دووشەممە 23ـی كانوونی یەكەمی 2024، لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تەنیا لەم ساڵدا لە سنووری بنەسڵاوە بە گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بنەسڵاوە جێبەجێ كراون.

وەك لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە “تەنیا لە ساڵی 2024دا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، بە گوژمەی (5 ملیار و 141 ملیۆن و 475 هەزار)دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر و داهاتی شارەوانی و بەپێی پلانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە، ژمارەیەك پرۆژەی گرنگیی خزمەتگوزاری لە کەرتەکانی شارەوانی و ئاوەڕۆ و سەوزایی جێبەجێ كراون.”

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی جۆری پرۆژەكانەوە ڕایگەیاندووە “پرۆژەكان پێك هاتوون لە دروستكردن و نۆژەنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقامی ناوخۆ و سەرەكی، دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی و بۆیەكاریی شەقام و شۆستە، هەروەها بایەخدان بە دوورگە ناوەندی و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و خزمەتگوزارییەكانی دیكەی شارەوانی.”

ناو و گوژمەی پرۆژەكان: 
– پڕۆژەی دروستکردنی سایدێک و نۆژەنکردنەوەی سایدی دووەم لە سەنتەری لاوان، بازاری سەرەکیی بنەسڵاوە، لەسەر بودجەی پەرەپێدانى پارێزگەى هەولێر، بە گوژمەی (1،600،000،000)دینار.
– پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لەسەر داهاتی شارەوانی بە گوژمەی (48،900،000)دینار.
– پڕۆژەی قیرتاوکردنی شەقام  لەسەر بودجەى سەرباری پارێزگە بە گوژمەی (50،200،000)دینار.
– پرۆژەی قیرتاوکردنی شەقامی سەرەکیی گوندی گەڕەسۆر لەسەر بودجەى سەرباری پارێزگا بە گوژمەی (152،000،000)دینار.
– پڕۆژەی دروستکردنی شەقام لە شوێنە بازرگانییەکانی بنەسڵاوە لەسەر داهاتی شارەوانی بە گوژمەی(87،400،000)دینار.
– پڕۆژەی قیرتاوکردنی شەقام لە نێوان ئاڵتوون ستی و هیران سیتی لەسەر بودجەى سەرباری پارێزگا بە گوژمەی (22،000،000)دینار.
– پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەسۆر لەسەر داهاتی شارەوانی بە گوژمەی(107،000،000)دینار.
– خاوێنکردنەوە و سەوزکردنی دەروازە و شەقامە سەرەکییەکانی بنەسڵاوە لەسەر پێشینەی شارەوانی بەگوژمەی(9،375،000)دینار.
– بۆیەكردنی دووسايدى ئاڵتوون لەسەر پێشینەی شارەوانی بە گوژمەی(4،100،000) دینار.
-سەوزکردنی دوورگەی ناوەندی لەسەر داهاتی پێشینەی شارەوانی بە گوژمەی(3،500،000)دینار.
– دروستکردنی شەقام لە گەڕەکی تەعجیل بە هاوکاری تيمى ئامێرەکانى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر.
– پڕۆژەی دروستکردنی شەقام بۆ شوقەی شەهیدان لەسەر بودجەى سەرباری پارێزگا بە گوژمەی(57،000،000)دینار.
– دروستکردنی شەقامی دووساید لە ئاوێنەی شار، بۆ شوقەكانی شەهیدانی شەڕی داعش لەسەر بودجەى پارێزگای هەولێر بە گوژمەی (٣،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠)دینار.