ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەماهەنگیی دەکەن

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەماهەمگیی دەکەن. 

دووشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2024دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم، پێشوازیی لە شاندێکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد کە پێکهاتبوون لە ئەگنس ڤینیما بەڕێوەبەری پرۆگرامەکان و زیشان ئەمین بەڕێوەبەری نووسینگەی بەغدا.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا، دیندار زێباری،  ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەرهەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش لە ساڵی 2014 ، حکوومەتی هەرێم توانیوویەتی هەرێمی کوردستان لە تیرۆریستان بپارێزێت، هەروەها لە جەنگی دژی داعشیش ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبێت لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

زێباری گوتی: دوای کۆتایی هێنان بە ئەرکی یونیتاد پێویستە چوارچێوەیەکی یاسایی بدۆزرێتەوە بۆ دادگایی کردنی تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاریان، بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەتی هەرێم پێویستی بە بونیادنانی توانای دادوەر و لێکۆڵەرانە لە بارەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

لەبەرامبەردا، ئەگنس ڤینیما بەڕێوەبەری پرۆگرامەکان لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی لەم بارەوە بە گرنگ زانی، بۆیە دووپاتی ئەوەی کردەوە، نووسینگەکەیان لە بواری مافەکانی مرۆڤ، بونیادنانی تواناکان، یارمەتی تەکنیکی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری ئەلیکیترۆنی کار دەکات و هەوڵ دەدات هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەو بوارانەدا.

ڤیمینا ئاشکرا کرد، یەکێک لەو بوارانەی گرنگی پێدەدەن بریتییە لە، بونیادنانی توانای لێکۆڵەران، هەروەها ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕایگەیاند،  لە داهاتوودا چوارچێوەی کارەکانیان فراوان دەکەن لە هەرێمی کوردستاندا، چونکە حکوومەتی هەرێم ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دادگایی کردنی تیرۆریستان