سلێمان تاشان – ههولێر
لە دوای سەرهەڵدانی داعش و گۆڕانکارییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە کۆمەڵێک گرووپی چەکداری لە عێراق دامەزرا. ئەو گرووپانە هەر چەندە دواتر بەرگی یاسایی لەبەر کرا بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق و لە لایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام هەرگیز ئەمە ڕووی نەدا و نەک کۆنترۆڵ نەکرا بگرە گرووپی نوێی لە ژێر ناوی جیاوازی لێ هەڵتۆقیون کە زیانیان بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و پێکەوەژیان گەیاندووە.
هەرچەندە بەشێک لەو گرووپانە ماوەیەک ڕۆڵی ئەرێنیان لە ڕووبەرووبوونەوەی داعش بینی بەڵام دوای شکستی داعش ئاراستەکەیان گۆڕا و بۆیەش هەر لە لایەن ئایەتوڵا سیستانی ئەو فتوایە دەرچوو کە تەواوی ئەو هێز و گرووپانە پێویستە بێنە ژێر باڵی دەوڵەت و لە دەرەوەی یاسا و حکوومەتی فیدراڵی نابێت هیچ لایەنێک چەکی بەدەستەوە بێت.
لە ساڵی ٢٠١٦ پەرلەمانی عێراق بۆ بەیاساییکردنی ئەو گرووپانە یاسایەکی تێپەڕاند بەڵام بە پراکتیک هەرگیز ئەو هێزانە نەهاتنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی و نەبوون بە بەشێک لە هێزەکانی بەرگری و پاراستنی ئاسایشی عێراق و تەنانەت ماوەیەک بەرانبەر کورد و هێزی پێشمەرگە وەستان کە هێزێکی یاساییە و لە دەستووردا ئەرکیان بۆ دیاری کراوە.
حەشدی شەعبی کە دەیان گرووپی جیاوازیان لێ دەبێتەوە، بەشێکیان دیار نییە کێ فەرمانیان بەسەردا دەکات و حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە و ژمارەیەکی دیکەیان لەدەرەوەی سنوورەکانی عێراق ڕێبەرایەتی دەکرێن و لە ناوخۆیش بەسەر دەستە و گرووپ و بەرژەوەندی جۆراوجۆردا دابەش بوون.
بەشێک لەو گرووپانە لە هەندێک دەروازەی بازرگانی و شوێنی عێراق دەسەڵاتیان زۆر زیاترە لە دامەزراوە یاسایی و فەرمییەکانی عێراق و لە بەقاچاغبردنی نەوتەوە بگرە تا هاوردەکردنی کاڵا و تەنانەت مادەی هۆشبەر و بەرهەمهێنانیدا ڕۆڵیان هەیە و ئەوەی پەیدای دەکەن هەر بۆ خۆیان خەرجی دەکەن و بۆ حکوومەتی ناوەندی ناگەڕێننەوە.
مانگی ڕابردوو ئاژانسی ڕۆیتەرز تۆڕێکی گەورەی بەقاچابردنی نەوتی عێراقی ئاشکرا کرد، کە گرووپی میلیشیایی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی هەڵسووڕێنەرە سەرەکییەکەی بوو و بەپێی ڕاپۆرتەکە مانگانە بە بەهای یەک ملیار دۆلار سوودی لەو بەقاچاغبردنەی نەوت لە بەندەرەکانی بەسڕەوە بۆ خۆی و وڵاتێکی دراوسێ هەبووە و ئاژانسەکە پشتی بە کۆمەڵێک بەڵگە و سەرچاوەی باوەڕپێکراو بەستبوو و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ڕاپۆرتەکە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.
پێشتریش ئاژانسی فرانس پرێس ڕاپۆرت تایبەتی لەبارەی ڕۆڵی ئەو گرووپانە لە کۆنترۆڵکردنی دەروازە بازرگانییەکان و بەقاچابردنی مادەی هۆشبەردا هەبووە.
بەشێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی بەرەی مقاوەمەدا خۆیان ڕێکخستووە و تەنانەت لە ژێر کۆنترۆڵ و فەرمانی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیشدا کار ناکەن.
ئەو گرووپانە لە دەرەوەی فەرمانەکانی حکوومەتی فیدراڵی و بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و پێوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێنراو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دامەزراوەی تری ئابووری و مەدەنییان لە عێراق و کوردسان کردووەتە ئامانج.
فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، پێشتر چەند جارێک خۆی بێبەریی حەشدی شەعبی لە بەشێک لەو گرووپانە ڕاگەیاندووە و تەنانەت گوتوویەتی وەک سەرۆکی دەستە دەسەڵاتی بەسەر بەشێک لەو گرووپانەدا ناشکێت.
ئەوان لە ماوەی ئاڵۆزتربوونی ململانێکان لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و هەڵگیرسانی جەنگی غەزە و گرژبوونەوەی دۆخی تەناهیی ناوچەکە تەنانەت لە دەرەوەی قەراری سیاسی و بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی عێراق بە درۆن هێرشەکانیان بۆ دەرەوەی سنوورەکانیش بەرفراوان کرد.
بەرپرسانی ئەمریکا چەندین جار هۆشدارییان بە حکوومەتی سوودانی داوە کە ئەو گرووپانە جڵەو بکات، ئەگەرنا خۆی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و چەند جارێکیش هێرشی کردووەتە سەریان و هەرچەندە لەم دواییانەدا بە تایبەتی لە دوای ڕووداوەکانی سووریا کەمێک دامڕکاون بەڵام دیسان ئەو گوشارە بۆ سەر عێراق بەردەوامە.
هەر لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەوەی كە ئەمەریكا پاڵەپەستۆی خستووەتە سەر عێراق گرووپە چەكدارەكانی حەشد چەك دابنێن و هەڵبوەشێنرێنەوە، ژمارەیەک لەو گرووپانەش هەڵوێستیان هەبووە، بۆ نموونە ڕێكخراوی ئەنساروڵا ئەوفیا مەرجی چەكدانانی بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هێزە بیانییەکان بەستووەتەوە.
گرووپەکان ژمارەیان چل و دوو گرووپ دەبێت و هەر چەندە ئامارە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن ژمارەیان سەد و پەنجا هەزار چەکدارە بەڵام دەبێت ژمارەکە زۆر زیاتر بن و بودجەیەکی زەبەلاحی عێراق لە خزمەتیاندایە.
بەردەوامبوونی ئەو هێزانە دەتوانێت زیانی زۆر گەورە بە بەرژەوەندییەکانی عێراق بگەیەنێت و کاتی ئەوە هاتووە دوو هێزی سەرەکیی یاسایی و دەستووریی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە گۆڕەپانی تەناهی و سەربازیدا رۆڵ بگێڕن چونکە پێچەوانەکەی هاوشێوەی سووریا وڵات بەرەو هەڵدێر دەبات.