کەیفی مستەفا عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێم: ئەشکەوتی شانەدەر کوردستانی لەسەر ئاستی جیهان زیاتر ناساند

مۆزەخانەیەکی سەردەمیانە لە ئەشکەوتی شانەدەر دروست دەکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، دەڵێت: ئەمساڵ تەواوی دیزانی مۆزەخانەکە تەواو دەبێت. دەشڵێ، ئەشکەوتی شانەدەر کوردستانی لەسەر ئاستی دونیا زیاتر ناساند، لە ھەمان کاتدا ئەو مۆزەخانەیە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی کە گەشتیارێکی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان سەردانی ئەشکەوتەکە بکەن، ئەوەش وا دەکات کە پشتگیری و پشتیوانییەکی گەورەی دارایی حکوومەتی ھەرێم بێت.

حکوومەتی ھەرێم گرنگییەکی زۆری بەو ئەشکەوتە داوە، ڕێڕەوی ھاتنە ناو ئەشکەوت دروست کراوە، لەگەڵ چەندین شوێنی دانیشتن، بنکەی شوێنەوار لە مێرگەسۆر کراوەتەوە، بۆ ئەوەی گرنگی بە بواری شوێنەواری بدرێت، کە زیاتر لە ١٨٠ شوێنی شوێنەواری لە سنووری مێرگەسۆر تۆمار کراون.
مێژووی شانەدەر کە گەورەترین ئەشکەوتی ھەرێمی کوردستان و عێراقە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی کۆن، واتە ھەشت ھەزار ساڵ پێش زاینی، ساڵی ١٩٥١ بۆ یەکەمین جار کۆڵێنکاری لە شانەدەر کراوە.
ئەمساڵ زانایانی زانکۆی کامبریج وێنەی ڕووخساری ئافرەتێکی نیاندرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە ھەرێمی کوردستان دروستیان کردەوە دوای ئەوەی لە پڕۆسەیەکدا بۆ ماوەی ٩ مانگ ئێسک و پروسکەکانی لێکیان دایەوە.
ئافرەتەکە کە بە زێت شانەدەر ناونراوە، بەگوێرەی پشکنینی زاناکان لە تەمەنی ٤٠ ساڵی دایە و بەر لە ٧٥ ھەزار ساڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە ھەرێمی کوردستان ژیاوە.تیمەکەی زانکۆی کامبریج لە ساڵی ٢٠١٨ ئێسک و پڕوسکی ئەو ئافرەتەیان لەژێر زەوی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزیوەتەوە، دواتریش لە ڕێگەی کۆکردنەوەی ٢٠٠ پارچە ئێسکەوە کەلـلەسەرەکەیان دروست کردۆتەوە، پڕۆسەکەش نزیکەی ٩ مانگی خایاند.
یەکێک لە ئەندامانی تیمی کارکردن لە زانکۆی کامبریج کە زانای مرۆڤناسی کۆنە بە ناوی ئێما پۆمێرۆ، دەڵێت: لە کاتی دۆزینەوەیدا لە ئەشکەوتی شانەدەر کەلـلەسەرەکە ورد ببوو، بۆیە ناچار بوون ٢٠٠ پارچە لەیەک بدەنەوە کە وەک مەتەڵێکی سێ ڕەھەندی وابوو.
دەشڵێت: ماسولکەکانی ڕووخساری ئافرەتەکە بە گشتی گەورەن وەک ئەوانی سەر برۆی، بەڵام چەناگەی بچووکە و باڵاشی مەتر و نیوێک دەبێت، تەمەنیشی لە ناوەڕاستی چلەکانە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەو سەردەمەدا پیری زووتر ھاتووە.
ئاماژە بەوەش دەدات، بۆ دیاریکردنی ڕەگەزەکەی، پشتیان بە پشکنینی مینای ددانەکانی بەستووە و بۆیان دەرکەوتووە کە ڕەگەزەکەی ئافرەتە.
پرۆڤیسۆر گرێم بارکەر، سەرۆکی تیمەکەی کامبریج، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئەشکەوتی شانەدەر ئەشکەوتێکی گرنگە و ھەڵکەوتە جوگرافیاکەشی گرنگ و سەرنجڕاکێشە، ڕالف سۆلکی کە ھاتە ئێرە ئەو ئەشکەوتەی پێ گرنگ و سەرنجڕاکێش بووە بۆیە لێرە کاری کردووە و ئەوەندە گرنگی بەو ئەشکەوتەی داوە.
لەلایەکی دیکەوە کەیفی مستەفا عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: مۆزەخانەیەکی سەردەمیانە لە ئەشکەوتی شانەدەر دروست دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ زانکۆی کامبریجی بەریتانی دیزاینی سەرەتای بۆ ئەشکەوتەکە ئامادەکراوە و ئەمساڵ تەواوی دیزانی مۆزەخانەکە تەواو دەبێت، ھیوادارین بتوانین لە ئایندەدا مۆزەخانەیەک، کە تایبەت بێت بە مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتەکە دەست بە بنیاتنانی بکەین.
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، گوتیشی: پێگەی شوێنەواری نیاندەرتاڵ، پێگەیەکی جیھانی و زانستی و شوێنەوارییە، ناوبانگی زۆری ھەیە، ساڵی ڕابردوو ئەو فیلمە دیکۆمێنتارییەی نیاندەرتاڵ کە بەھاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار لە کەنالەکانی بیبیسی بڵاوکرایەوە، کوردستانی لەسەر ئاستی دونیا زیاتر ناساند، دڵنیاین کاتێک ئەو مۆزەخانەیە دروست دەکەین، دەبێتە ھۆکاری ئەوەی کە گەشتیارێکی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان سەردانی ئەشکەوتەکە بکەن، ئەوەش وا دەکات کە پشتگیری و پشتیوانییەکی گەورەی دارایی بێت بۆ حکوومەتی ھەرێم.