سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکاری دەستنیشانکراوی ئاسایشی نیشتمانی لە حکوومەتی داهاتووی ئەمەریکا، باسیان لە دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد، هاوکات جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مایک واڵتز، ڕاوێژکاری دەستنیشانکراوی ئاسایشی نیشتمانیی لە حکوومەتی داهاتووی ئەمەریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچە کران، هەروەها جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کرایەوە.
مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە کۆنگرێسمان واڵتز کرد بە بۆنەی دەستنیشانکردنی وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە حکوومەتی داهاتووی ئەمەریکا، هەورەها ستایشی ناوبراوی لە تێگەیشتنی قووڵی لە بابەتە ئەمنی و پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە کرد.
هاوکات هەردوولایان بیروڕایان لە بارەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیان لە گرنگی گۆڕانکاریی دیموکراسییانە و پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە کردەوە.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە ڕۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی جێی متمانە لە ناوچەکە و پابەندبوون بە بەها و ئامانجە هاوبەشەکانی ئاشتی و ئاسایش. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی سەقامگیری.