بەگوژمەی ٨١٣ ملیۆن دینار پرۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ بادلیان و دێلزیان جێبەجێ دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی کە بریتییە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی سنووری بادلیان و دێلزیان لە قەزای ناوەندیی سۆران کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

گوژمەی پڕۆژەکە ٨١٣ ملیۆن و ٤٥٥ ھەزار دینارە و لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابین کراوە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران سەرپەرشتیی پڕۆژەکە دەکات، بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندی بادلیان و دێلزیان.
پڕۆژەکە پێکدێت لە دانانی بۆڕیی سەرەکیی ئاوی خواردنەوە بە درێژایی ٢٨٠٠ مەتر بە بۆڕی لە جۆری دەکتایل ٨ ئینجی، لەگەڵ دانانی ٣ غەتاس و ٣ دانە سێت پەمپ و دروستکردنی عەمباری کۆنکریتی، کە دەبێتە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بۆ سنووری بادلیان و دێلزیان و کێشەی ئاوی خواردنەوە لەو سنوورە چارەسەر دەکات.